بڕیارە ئەمڕۆ ژووری ئۆپڕاسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر كۆ ببێتەوە و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ لەسەر ئاساییكردنەوەی ژیان و بەردەوامی داخستنی چەند شوێنێك بدات.
ئەمرۆ شەموو چواری تەمووز، بەپێى زانیارییەكانی "وشە" ژووری ئۆپڕاسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ دەردەكات بۆ ئاساییكردنەوەی ژیان و دەوامی فەرمانگەكان و ڕێكخستنی هاتوچۆ لە ناو شار و شوێنە گشتییەكان.
ئەمڕۆ كۆمەڵێك بڕیاری نوێ لە ژووری ئۆپڕاسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر دەردەچێت
لە سەعات 12ـی ئەمشەو كۆتایی بە پێنج ڕۆژە قەدەغەی هاتوچۆ لە هەولێر دێت، هەروەها ئەمڕۆ كۆمەڵێك بڕیاری نوێ لە ژووری ئۆپڕاسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر دەردەچێت.
عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ئەندامی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارەكانی قەدەغەی هاتوچۆ تەنیا بۆ ئەو پێنج ڕۆژە دەرچوو بوو.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، هیچ نیازێكمان نییە بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، ئەو چەند ڕۆژەی دیاری كراوە بۆ ئەوەیە بزانرێت ڕەوشی تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی چۆنە و بتوانرێت دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
باسی لەوەش كرد، بەهیچ شێوەیەك لە كۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر باس لە درێژكردنەوەی ئەو كاتە نەكراوە، هەروەها ئامارەكان بڕیار لەسەر دۆخەكە دەدەن، چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ ژمارەی تووشبووان كەم بێتەوە، ئەگەر پێچەوانەكەی بوو، ئەوكات دەبێ وەزارەتی تەندروستی خۆی بۆ پلانێكی تر ئامادە بكات.
لە زانیارییەكان هاتووە، قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكان تا دوای 10ـی تەمووز بەردەوامی دەبێت و بەهیچ شێوەیەك هاتوچۆ ناكرێت و لەناو شاریش هەندێك شوێن بەداخراوی دەمێننەوە.