18 ملیۆن كەس لە ئێراندا تووشی كۆرۆنا بوون

:: PM:02:10:04/07/2020 ‌
توێژینەوەیەك دەریخستووە لە ئێران یەك لەسەر پێنجی دانیشتووان تووشی كۆرۆنا بوون و بەشی زۆریان چاك بوونەتەوە.

دكتۆر مەسعوود مەردانی ئەندامی كۆمیتەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كە كۆمیتەیەكی حكوومییە، دەڵێ توێژینەوەكانیان ئەوەی دەرخستووە لە ئێراندا 18 ملیۆن كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە دەكاتە 20% ی كۆی دانیشتووانی وڵاتەكە.

پشكنینی سێرۆلۆجی بۆ ئەوەیە بزانرێت تووشبووانی راستەقینەی وڵاتان چەندە و لە رێی ئەم پشكنینەوە دەردەكەوێت چ رێژەیەك لە خەڵك تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

دكتۆر مەسعوود ئاماژەی داوە، ئەم جۆرە تاقیكردنەوانەیان لەسەر گەڕەك و شوێنە جیاوازەكان كردووە و بۆیان دەركەوتووە 20%ی خەڵك ڤایرۆسەكەیان گرتووە كە دەكاتە 18 ملیۆن كەس.

بەگوێرەی رادیۆفەردا، ئەو پزیشكە هۆشداری داوە لەوەی ناكرێ كەسانێك لەوە ئاگادار بكرێنەوە پشكنینەكەیان پۆزەتیڤە، ئەوەش بەو واتایە دێت پێشتر تووشی كۆرۆنا بووە و لەوكاتەشدا لەوانەیە كەسەكە سەرجەم رێنوێنییەكان وەلاوە بنێت و بڵێت، ئیتر تووشی كۆرۆنا نابێت كە ئەمەش مەترسیدارە.

11 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە.
ئامارە فەرمییەكانی ئێران كە تا ئێستە بڵاو كراونەتەوە، بەگشتی لەم وڵاتە 235 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و سەرووی 11 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.



وشە - سلێمان تاشان