تەرمێكی تر لە ئاوی زێی گەورەدا دۆزرایەوە

:: PM:02:18:04/07/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، تەرمێكی تر لە زێی گەورەدا دۆزرایەوە كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستە خنكاوە.

ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر هاتووە، ئەمڕۆ تەرمی "كەریم خان" دۆزرایەوە كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستە لە زێی گەورە خنكابوو.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، نزیكەی 10 كەس لە زێی گەورە خنكاون
بە خنكانی ئەو گەنجە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، نزیكەی 10 كەس لە زێی گەورە خنكاون، ئەوەیش بەشێكیان بەهۆی ناشارەزایی ئەوانە دەگەڕێتەوە بۆ مەلەكردن دەچنە ئەو شوێنە.

زێی گەورە یان زێی مەزن ڕووبارێكی كوردستانە كە سێ بەشی كوردستان دەپێوێت و سەرچاوەكەی لە خاكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، لە ناوچەی جۆلەمێرگ دەچێتە ناو باكوری كوردستان و دواتر دێتە باشووری كوردستان، بە ناوچەی گرك و دەشتی هەولێردا دەرباز دەبێ، لەسەر زەوی نەمرووددا تێكەڵی دیجلە دەبێت و ئاوەكەی زیاد دەكات، ڕووباری دیجلە %33ی ئاوەكەی لە ئاوی زێی گەورە وەردەگرێ.



وشە - رامیار جەواد