دوژمنانی كورد لە رێگەی هۆشیار عەبدوڵا و هاوشێوەكانی مەرامەكانیان دێننە دی

:: PM:08:28:04/07/2020 ‌

ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، هەندێ لە وڵاتانی دراوسێ كە چاویان بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، ڕاستەوخۆ دەستوەرنادەن بۆ تێكدانی، بەڵكو لە ڕێگەی هۆشیار عەبدوڵاوە كاری لەسەر دەكەن.
هەموو هەوڵێكیان تێكدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە
هۆشیار عەبدوڵا، كە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی تری كورد لە بەغدا، هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە هەرێم و بەغدا ڕێكنەكەون و دەیانەوێ ئەزموونی هەرێم تێك بچێت، بەڵام لەلایەن زۆرێك لە هاووڵاتییانی هەرێمەوە بە جاش و نۆكەری دوژمنانی كورد ناسراون.

ناسڕ هەركی، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا ئەمڕۆ شەموو 4ی تەمووز، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام ڕای گەیاندووە كە ئامانجیانە لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێككەوتن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بۆ ئەوەیش چەندجارێك شاندی هەرێم چووەتە بەغدا و گفتوگۆی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق كردووە.

زیاتر گوتی، هەندێ پەرلەمانتاری كورد كە زیاتر مەرامیان بووەتە خزمەتكردنی دوژمنانی كورد، چاویان بەوە هەڵنایە هەرێم و بەغدا ڕێك بكەون، بۆیە هەموو هەوڵێكیان بۆ تێكدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ترسێكی تری ئەو پەرلەمانتارانە هەنگاوەكانی یاسای چاكسازییە، كە دوای ئەوەی چاكسازی دەكرێت، هەرێم بەهێزتر دەبێت بەرانبەر بەغدا، هەركی ئەوەیشی روون كردەوە، دوژمنانی ئەزموونەكەمان ڕەنگە ڕاستەوخۆ كار بۆ شێواندنی ئەزموونی هەرێم نەكەن، بەڵام لە ڕێگەی پەرلەمانتارەكانی ترەوە، كاری بۆ دەكەن.

لای خۆیەوە نەزاكەت حوسێن، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لێدوان و پەرشوبڵاویی كورد لە بەغدا، كاریگەری لەسەر دانوستانەكان دەبێت و وا دەكات یەكدەنگی كورد لە بەغدا لاواز بكات، دەكرێ پێش گفوگۆكان لە هەرێمەوە حزبەكان هەڵوێستیان یەك بخەن، بۆ ئەوەی لە بەغدا دەنگیان دلێرتر بێت و كاریگەرتر بن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل