حكوومەتی هەرێمی كارەبای گەرمیانی زیاد كرد

:: PM:11:00:04/07/2020 ‌

 بەڕێوەبەرای دابەشكردنی كارەبای گەرمیان ئاماژە دەكات كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كەشوهەوای گەرمی گەرمیان لەبەرچاو گیراوە و بڕی پێدانی كارەبای زیاد كراوە، هاوكات داوای زیاتركردنی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا دەكرێت.
رێژەكە لە 4.7% بۆ 5.2% زیادی كردووە
 حازم كەریم، بەڕێوەبەری كارەبای گەرمیان بە"وشە"ی راگەیاند، بڕی كارەبای گەرمیان 4.7%ی كارەبای هەرێمی كوردستانە، بەڵام لەبەر كەشوهەوای ناوچەكە، كە گەرمە، لە مانگی ئایارەوە بڕێك كارەبای گەرمیان زیاد كراوە كە رێژەكە بۆ 5.1 یان 5.2% بەرز بووەتەوە.

 زیاتر گوتیشی، هێشتا گەرمی كەشوهەوای ناوچەكە پێویست دەكات رێژەی پێدانی كارەبا زیاتر بكرێ، بۆ ئەوەیش لە رێگەی ئەندامانی گەرمیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، داوا ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی كارەبا كراوە.

 محەمەد وەهاب، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و نوێنەری گەرمیان لەو ئەنجوومەنە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، لە دووی ئەم مانگەوە بۆ زیاتركردنی كارەبای گەرمیان، وەك ئەندامە گەرمیانییەكانی ئەنجوومەنەكە دوو ئەندامین، نووسراوان ئاراستەی وەزارەتی كارەبا كردووە.

 ێستە لە ماوەی 24 سەعاتدا رێژەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە بەراورد بە مۆلیدە ئەهلییەكان زیاترە، ئەگەر هاووڵاتییان زیادەڕۆیی نەكەن لە سەرفكردنی، زیاتر دەبێت.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل