بڕیاری نوێ بۆ دەوام دەرچوو

:: AM:08:50:05/07/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، كۆمەڵێك بڕیاری نوێی بۆ فەرمانبەرانی دەركرد و بەپێی ئەو بڕیارانە، ڕێژەی دەوامكردن لە نەخۆشخانەكان بۆ %50 دادەبەزێت.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، لە راگەیەنراوێكی تەندروستی هەولێردا هاتووە، بۆ دەوامی فەرمانبەرانی تەندروستی هەولێر، تەنیا دەوام لە نەخۆشخانە فریاكەوتنەكان دەكرێت، بەشی راوێژكاری و نەشتەرگەری سارد ناكرێنەوە، دەوامیش بەشێوەی 50% دەبێت، بەپێی پێویستی فەرمانبەران و پابەندبوونیان بەرێنوێنییە تەندروستییەكان لە خشتەیەكدا رێك دەخرێت.

سەردانیكەران رێیان پێ نادرێت بێنە ناو داودەزگا تەندروستییەكان
تەندروستی هەولێر ڕای گەیاندووە، دەوام لە رۆژانی شەموو تا چوارشەم دەبێت بۆ ئەو شوێنانەی كە دەوامیان هەیە وەك (نەخۆشخانەی نانەكەلی، سەنتەری لەیلا قاسم، سەنتەری خانزاد، كۆمەڵگەی پزیشكی ددان، سەنتەری تالاسیما، نووسینگەی لەدایكبوون و مردووان)، دەبێت دووریی نێوان فەرمانبەرانیش لە هەموو كاتێكدا دوو مەتر كەمتر نەبێت.

باس لەوەش كراوە، بڕیار دراوە بەسنوورداركردن و رێكخستنی سەردانیكەران، پێویستە نووسراو بەرێی پۆستە بێت و بچێت، سەردانیكەران رێیان پێ نادرێت بێنە ناو داودەزگا تەندروستییەكان.

لەبارەی تووشبووانی كۆرۆنا یان گومانلێكراوی سەربەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕوون كراوەتەوە، مۆڵەتی زۆرەملێ بدرێت بەو فەرمانبەرانەی كە كەرەنتین كراون و رێی گەڕانەوە بۆ سەر كار و تێكەڵاوبوون بەهاوكارییەكانیان بەمەرجێك بدرێت كە لەلایەن لیژنەی پزیشكی پسپۆڕی (هەناو، نەخۆشی سنگ) پشتڕاست بكرێتەوە كە نەخۆشییان نییە.



وشە - رامیار جەواد