بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و كارەبای هەولێر دەوامیان ڕاگرت

:: AM:10:35:05/07/2020 ‌
هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و كارەبای هەولێر ئاگەداری هاووڵاتییان دەكەنەوە بەهۆی زۆری سەردانی هاووڵاتییان، بۆ چەند ڕۆژێك دەوامی فەرمانگەكەیان دەوەستێنرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر هاتووە، هاووڵاتییانی ئاگەدار دەكەینەوە لە ئەمڕۆ تا نۆی تەمووز، راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان رادەگیرێت، لە هۆبەكانی فرۆشیاری وزە بەمەبەستی تۆماركردنی داتاو زانیارییەكان، كە بەهۆی نەبوونی دەوام لە هەفتەی رابردوو.

هیچ مامەڵەیەك بەڕێ ناكرێت. داواكارین هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەك سەردانمان نەكەن
بەڕێوەبەرایەتی كارەبا ڕوونی كردووەتەوە، هۆكارێكی تری ڕاگرتنەكە بەهۆی زۆریی ژمارەی سەردانیكارانی ئەم هۆبانە و رەچاوكردنی رێنوێنییەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بۆیە لە دۆخی ئێستەدا راگرتنی راییكردنی مامەڵەكان بەپێویست زانرا.

لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێریش هاتووە، بە پێویستمان زانی ڕشاندنی بەش و هۆبەكانی ناو بەڕێوەبەرایەتی بكەین بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان. بۆیە ئەمڕۆ دەوام رادەگیرێت و هیچ مامەڵەیەك بەڕێ ناكرێت. داواكارین هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەك سەردانمان نەكەن.

ئەو ئاگەدارییە لە كاتێكدایە ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر، لە كۆبوونەوەی دوێنێی دەسەڵاتی تەواوەتی بە بەڕێوەبەرایەتی و قایمقامەكان دا بۆ ڕاگرتنی دەوام لە هەر شوێنێك مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لێ بكرێت.



وشە - رامیار جەواد