گەرمیان.. رفاندنی پۆلیسێك مەترسیی هێرشەكانی داعش زیندوو دەكاتەوە

:: PM:10:54:05/07/2020 ‌

 ئەمشەو لە سنووری نێوان شارۆكەی كفری لە ئیدارەی گەرمیان و شارەدێی جەبارەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، پۆلیسێك رفێنرا، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دووپاتی دەكاتەوە كە چەكدارانی داعش سوودیان لە بۆشایی تەناهی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق وەرگرتووە.
داعش سوودیان لە بۆشایی تەناهی وەرگرتووە
 عەقید رێبوار عەباس، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی كفری، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو یەكشەم پێنجی تەمووزی 2020، لەنێوان شارۆكەی كفری و شارەدێی جەبارە، پۆلیسێكی فریاكەوتن رفێندراوە و لێكۆڵینەوەی پۆلیس لەوبارەوە دەستی پێ كردووە.

پێوەست بەو هەواڵەوە، پۆلیسی عێراق هەمان زانیاری پشتڕاست كردەوە، رەحیم محەمەد، لە پۆلیسی جەبارە ئاشكرای كرد، ئەو پۆلیسە رفێنراوە ناوی (كەریم فەتحوڵایە) و ئۆتۆمبێلی پێ بووە، بەڵام ئۆتۆمبێلەكەی نەبراوە.

لای خۆیەوە، شێركۆ تۆفیق، كارگێری لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، تیرۆریستانی داعش سوودیان لە بۆشایی تەناهی وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی كردەی رفاندن و تیرۆر، بۆیە بە پڕكردنەوەی بۆشایی تەناهی بەردەگیرێت لە رفاندن و كردە تیرۆریستییەكان.

 شایەنی باسە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری باڵێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان،  بۆشایی تەناهی لەنێوان ئیدارەی گەرمیان و ناوچە كوردستانییەكان دروست بووە، بەوەیش مەترسی كەوتووەتە سەر گەرمیانیش كە دەروازەی هەرێمی كوردستانە لە رووی عێراقەوە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل