داعش لە شارەبان هێرشی دەكات و لە گولاڵەیش تەرمێكیان دۆزرایەوە

:: PM:10:49:06/07/2020 ‌
 
چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایان كرد كە چەكدارانی داعش لە سنووری شارۆكەی شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی حەشدی سوننە لەنێوان شارەدێكانی گولاڵە و لە كوڵەجۆیش تەرمی چەكدارێكیان دۆزرایەوە.
جموجۆڵەكانی داعش بەردەوامە
نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو دووشەم، پاش تاریكبوونی ئاسمان، تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆكەی شارەبان، هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی حەشدی سوننە، بەوهۆیەوە چەكدارێكی حەشدەكە كوژراوە و دوو چەكداری تریش بریندار بوونە، پاش ئەنجامدانی ئەو كردە تیرۆریستییە، چەكدارانی داعش هەڵاتوون.

لەلایەكی تر، لە سنووری شارەدێی كوڵەجۆی سەر بە شاری كفری لە سنووری  ئیدارەی گەرمیان،  تەرمی چەكدارێكی داعش لەناو گۆڕێكدا دۆزرایەوە، شەماڵ رەحمان، لێپرسراوی یاریدەدرێتی ئاسایشی كوڵەجۆ، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، لە ناوچەی شێخ باوەی نێوان شارەدێی كوڵەجۆ و شارەدێی گولاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، تەرمی چەكدارێكی داعش دۆزرایەوە.
 
زیاتر گوتی، پێشتر وا بانگەشە كرابوو گوایە ئەو تەرمە هی كەسێكی نەناسراوە و بە رووداوی پێوەدانی مار كۆچی دوایی كردووە، بەڵام دەركەوت چەكداری داعش بووە .

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل