ستیان یان مه‌مكدان، ئه‌و پۆشاكه زێڕینه‌ی ژنانه كه بۆ ڕاگرتنی یه‌كێك له خۆشه‌ویسترین ئه‌ندامانی جه‌سته‌یان به وریاییه‌وه به‌كاری ده‌هێنن، زۆر له ژنان به‌دوودڵییه‌وه كاتی دانان و له‌به‌ركردنه‌كه‌ی دیاری ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی تریش به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی ترسناكه‌وه بێبه‌شبوون له مه‌مكێك یان هه‌ردووكیان، بۆیه به ستیانی ناوپۆش به سلیكۆن هاوسه‌نگییه‌كه ڕاده‌گرن. گوڵاڵه پشده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری "په‌نا" بۆ هاوكاری ژنان كه زیاتر كار له‌سه‌ر هۆشیاری له‌باره‌ی مه‌مك و نه‌خۆشییه‌كانی ده‌كات، له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ "وشه" مه‌ترسی و گرنگییه‌كانی ستیان ڕوون ده‌كاته‌وه.
له‌به‌ركردنی ستیان بۆ ئه‌و ژنانه‌ی هیچ نه‌خۆشییه‌كیان نییه تاچه‌ند گرنگه، پێویسته جۆری مه‌مكدانه‌كه چۆن بێت؟
پۆشینی مه‌مكدان بۆ ئه‌و ژنانه‌ی كه ته‌ندروستن یان هیچ نه‌خۆشییه‌كیان نییه، تا ئێسته ڕاستییه‌كه‌ی نه لایه‌نی فیزیۆلۆجیایی و نه ئاناتۆمی ئاشكرا نه‌بووه و نه‌سه‌لمێنراوه، به‌و شێوه‌یه هه‌ندێك پسپۆرَ پێیان وایه كه توندی و پته‌وی ماسوولكه‌ی مه‌مك شل ده‌كات و ئه‌وه‌ی تر پێی وایه كه به‌رگری له هه‌ڵواسین و هێزی ڕاكێشان ده‌كات، به‌ڵام زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه كه باشتر وایه ژنان بیپۆشن، به‌تایبه‌تی ئه‌و ژنانه‌ی كه مه‌مكیان گه‌وره‌یه، یانیش وه‌رزشوانان پێیان وایه كه پێویسته له كاتێ ئه‌نجامدانی وه‌رزش به دڵنیایی مه‌مكدان بپۆشن، هه‌ندێكیش پێیان وایه كه ئه‌و مه‌مكدانانه‌ی كه تێلیان/ئاسن له به‌شی خوارێدا تێدایه، به جوانتر مه‌مك ڕاده‌گرن وبه‌رزیان ده‌كه‌نه‌وه، مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستی و هاتنه‌كایه‌ی بڕینی مه‌مك ده‌بێت، له ئه‌نجامدا بۆ دروستبوونی كێشه‌ی گرێ مه‌ترسیداره، به‌ڵام ئه‌وه تا ئێسته به دڵنیاییه‌وه نه‌سه‌لمێنراوه.
له‌به‌ركردنی ستیان له‌كاتی خه‌ودا خراپه یان باشه؟ كامانه‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌توانن به‌بێ ستیان بخه‌ون؟
هه‌ندێك ژن حه‌ز ده‌كه‌ن شه‌وانه به مه‌مكدانه‌وه بخه‌ون، ئه‌وه‌یان له‌به‌رئه‌وه‌یه كه واده‌زانن به‌و شێوه‌یه پێش له هێزی ڕاكێشان ده‌گرن یان مه‌مك هه‌ڵناواسرێت و هه‌ندێكیش به هۆی ئه‌وه‌ی كه پێیان خۆشتره له‌سه‌ر سك بخه‌ون. ئینجا خاڵی یه‌كه‌م هه‌ر ئه‌فسانه‌یه واته خه‌یاڵ وداستانی خه‌ڵكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م ڕێی زیاتر تێده‌چێت و گونجاوتره، پسپۆڕانی نه‌شته‌رگه‌ریی مه‌مك له ئه‌مه‌ریكا پێیان وایه هه‌ندێك به‌ش له پێكهاته‌ی مه‌مكدا هه‌یه كه به به‌ستنی مه‌مكدان له‌كاتی خه‌وتن، ئه‌وه به ئه‌گه‌ری زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر پته‌وبوون یان توندی هه‌یه و شلی ده‌كات، كه‌واته ناڵێن كاتی خه‌و مه‌مكدان بپۆشه.
هه‌روها گرینگه كه په‌تكی مه‌مكدان بۆ سه‌رشان پان بێت به‌تایبه‌تی بۆ مه‌مكی گه‌وره، هه‌رچی پانتر بێت باشتره و چاكتر توانای باش ڕاگرتنی مه‌مكی هه‌یه. له كاتی وه‌رزشكردن پۆشینی مه‌مكدان زۆرباشه به مه‌رجێك دوای ئاره‌قه‌كردن، خێرا دایبنێی و دوای وه‌رزش و خۆشووشتن مه‌مكه‌كانت وشك بكه‌یته‌وه، به‌تایبه‌تی جۆگه‌ی نێوانیان و هێڵی ژێره‌وه‌یان. باشتریش وایه به شه‌و و كاتی خه‌وتن مه‌مكدان نه‌پۆشی.
به‌تایبه‌تی ئه‌و ژنانه‌ی مه‌مكیان گه‌وره‌یه پێویسته هه‌موو كاتێك ستیان بپۆشن، ئه‌وانه‌شی كه قه‌ڵه‌ون، ژنانی دووگیان و شیرده‌ر و له‌كاتی سوڕی مانگانه، ئه‌مانه پێویسته ستیانی گونجاو بپۆشن، به‌ڵام قه‌باره‌ی مه‌مكی بچووك كه‌متر ئه‌م یاسای ستیانه‌ی به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێت.
له‌به‌ركردنی ستیان تا چه‌ند گرنگه بۆ ژنان، جۆره‌كانی و شێوازی پۆشینه‌كه‌ی دیاری كراون؟ ئه‌و ژنانه‌ی مه‌مكیان به‌هۆی شێرپه‌نجه بڕاوه‌ته‌وه ستیان یارمه‌تیده‌ریان ده‌بێت؟
مه‌مكدان به‌گوێره‌ی جۆری نه‌شته‌رگه‌ریی مه‌مك و هه‌روه‌ها جۆری مه‌مكدانه‌كه كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر چاكبوونه‌وه، مه‌مكه‌كانیش له قه‌باره و هه‌ڵكه‌وته‌یاندا له ژنێك بۆ ژنێكی تره‌وه جیاوازن، هه‌تا هه‌ردوو جووته مه‌مكیش له ژنێكدا زۆرجار له قه‌باره‌یاندا یه‌كسان نین، یه‌كێكیان له‌وه‌ی تر بڕێك گه‌وره‌تره، ئینجا بۆ هه‌ڵبژاردنی جۆری مه‌مك و ئه‌ندازه‌ی جاری وایه كارێكی ئاسان نییه، به‌داخه‌وه له نێوان ژنانی كورددا ئه‌وه‌ی من تێبینیم كردبێت، به ده‌گمه‌ن ئه‌ندازه‌ی واته مه‌مكدانی گونجاو به مه‌مكی خۆیان هه‌ڵبژاردووه .
مه‌مكدان بێجگه له مۆدێلی جیاواز له جۆری قوماش-یش چه‌ند جۆری هه‌یه، مه‌مكدان كاتی پۆشینی پۆشاكی فه‌رمی و كاركردن یان بۆ كاتی وه‌رزشكردن جیاوازییان هه‌یه، یان مه‌مكدانی تایبه‌ت به ژنانی شیرده‌ر جیاوازه و هه‌روه‌ها مه‌مكدان بۆ كاتی دوای نه‌شته‌رگه‌ری مه‌مك و قۆناغی دواتر، واته دوای ماوه‌ی نزیكه‌ی سێ مانگ جیاوازه، هه‌روه‌ها مه‌مكدانی تایبه‌ت به مه‌مكی بڕاوه (ئینجا هه‌ردووك مه‌مك بێت یان لای ڕاست یانیش چه‌پ بێت هه‌ر جیاوازه). هه‌روه‌ها مه‌مكدانی ئه‌و ژنانه‌ی كه مه‌مكیان به ڕێی نه‌شته‌رگه‌ری به ته‌واوی بڕاوه‌ته‌وه.
مه‌مكدانه‌كان له ڕووی جۆری قوماشی هه‌یه كه تا به پله‌ی گه‌رمای جه‌سته هه‌ستیاره، بۆیه هه‌ندێك مه‌مكدان به تایبه‌تی دروست ده‌كرێن بۆ كاتی گه‌رما كه گیان فێنك ڕاده‌گرن، یانیش له جۆری قوماشێك كه له كاتی سه‌رمادا گیان گه‌رم ڕاده‌گرێ، واته تێرمۆیه.
ستیانه‌كانی تایبه‌ت به‌و كه‌سانه‌ی مه‌مكیان بڕاوه‌ته‌وه و مه‌مكی ده‌ستكرد به‌كار ده‌هێنن، چین و چۆنن؟
ستیانه‌كان به‌هه‌مانشێوه‌ن، ته‌نیا به‌جۆرێك دروست ده‌كرێن كه له ناوه‌وه‌دا دووبه‌رگن/دووتوێن، واته ژنی تووشبوو به شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك و مه‌مك بڕاوه، ده‌توانێت مه‌مكی ده‌ستكرد یان سلیكۆنه‌كه‌ی بخاته ناو و توند و باش ڕایبگرێت، ئینجا چ له لای چه‌پ یان لای ڕاست بێت، كه‌واته ئه‌و كه‌سانه‌ی ژیر و داهێنه‌رن، بیریان له هه‌موو ئاسانكاری و تۆكمه‌كاری بۆ ژنانێك كه پێویستیان پێیه‌تی كردووه‌ته‌وه و كارگه‌كانیش به‌گوێره‌ی پێویستی و داخوازییه‌كانی ئاره‌زووی ژنان له ئه‌وروپا به‌رهه‌میان دێنن، به‌ڵام هه‌مووی به‌چاودێریكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی كوالیتی كۆنتڕۆڵ، چونكه ئه‌وانه له خانه‌ی كه‌لوپه‌لی كۆسمێتیك به ئه‌ژمار دێن.
ئێمه ده‌زانین كه مه‌مكه‌كان بێجگه له ئه‌ركی شیردان به كۆرپه‌ڵه، هه‌روه‌ها بۆ مایه‌ی چێژوه‌رگرتن و ورووژاندنی هه‌ستی سێكسی، هه‌روه‌ها مایه‌ی جوانی و هه‌ستی خۆشی ژن‌بوون به ژن ده‌به‌خشن، لابردنی مه‌مكێك به هۆی گرێ، ده‌بێته تێكدانی نه ته‌نیا هاوكێشه‌ی جه‌سته‌یی له ژن‌دا و مایه‌ی په‌یدابوونی ژانه‌سه‌ر، ئێشی شان و مل و بڕبڕه‌ی پشت، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری زۆر نه‌رێنیش ده‌خاته سه‌ر بارودۆخی ده‌روونیی ژن.
ڕێك دوای نه‌شته‌رگه‌ری، مه‌مكدان هه‌یه كه پێی ده‌ڵێن كۆمپڕه‌سی، واته ئه‌و مه‌مكدانه‌ی كه ده‌یگوشێت وا تۆكمه ڕایده‌گرێت، بۆ نموونه دوای نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی مه‌مك و چاندنه‌وه‌ی یان مه‌مكێك كه سلیكۆنی ناوه‌كی به ڕێی نه‌شته‌رگه‌ری پلاستیك بۆ دانرابێت، ئه‌مانه هاوكاری باری ده‌روونی ژنان ده‌كه‌ن كه بتوانن كه‌مێك له ده‌ركه‌وتنی خۆیاندا باوه‌ڕی پێش بڕینه‌وه‌ی مه‌مكیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام مه‌مكدانه‌كه ده‌بێ تایبه‌ت بێت و له لایه‌ن كارگه‌ی باوه‌ڕپێكراو و ژێر كۆنتڕۆڵدا ده‌رچووبێت، گرنگی مه‌مكدان یه‌كسه‌ر دوای نه‌شته‌رگه‌ری ڕۆڵی خۆی هه‌یه له پاراستنی ده‌وروبه‌ری مه‌مك، هه‌روه‌ها له زووترچاكبوونه‌وه‌ی برین و پاراستنی له جووڵان و گرانیی نه‌خستنه‌سه‌ری یان هه‌ڵواسینی مه‌مك به جۆرێك كه كاریگه‌ری یارمه‌تیده‌ری هه‌بێت بۆ جه‌سته و مه‌مك هه‌ڵنه‌واسرێت و زیان به برین بگه‌یه‌نێت، بۆیه ژنان ده‌بێ به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته بكه‌ن.
ئه‌و ستیانانه‌ی كه سه‌نته‌ری "په‌نا" بێ به‌رانبه‌ر بۆ ژنانی دابین ده‌كرێن، له كوێوه هاورده‌ی كوردستانیان ده‌كه‌ن؟
مه‌مكدانه‌كانی ئێمه وێڕای مه‌مكه ده‌ستكرده سلیكۆنه‌كان، زۆرجار نه‌خۆشانی هاوچاره‌نووس وێڕای مه‌مكه‌كه‌یان بۆمان ده‌نێرن كه به‌كار هاتووه یانیش مه‌مك و مه‌مكدان له نه‌خۆشخانه‌كان كه نه‌خۆشان دوای ساڵێك به‌كارهێنانی، ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه و هێشتا ده‌توانرێت به‌لای كه‌مه‌وه ساڵێك تا دوو ساڵ كه‌ڵكی لێ وه‌رگرن، ئێمه ئه‌وان به هاوكاری لایه‌نی به‌رپرس كۆ ده‌كه‌ینه‌وه بۆ هاوچاره‌نووسانمان له كوردستان، وێڕای مه‌مكه‌كان به نه‌خۆشانمان به‌خشیون، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای نه‌خۆشانێكیش كه باری ئابوورییان باشه، ڕێژه‌یه‌ك له مه‌مكدانی نوێمان كڕیون له‌سه‌ر گیرفانی خۆمان و له ناو سه‌نته‌ر له هه‌ولێر به نرخی خۆی و كه‌متریش یان به نیوه‌ی نرخ فرۆشراونه‌وه، كه‌واته ده‌كرێت ژنان داوای بكه‌ن و له‌سه‌ر داوای خۆیان مه‌مكدانی نوێ و تایبه‌ت به مه‌مك بكڕن، ئێمه له هه‌ولێر ڕاده‌ستیان بكه‌ین، وێڕای مه‌مكی ده‌ستكرد كه بێ به‌رانبه‌ر وه‌ریده‌گرن كه ئه‌وانیش به گوێره‌ی جۆریان به نوێی نرخیان جیاوازه، له بنه‌ڕه‌تدا مه‌مكێكی سلیكۆن له نێوان ٢٠٠ تا ٣٠٠ یۆڕۆدایه و بێ پاره لێمان وه‌رده‌گرن، به‌ڵێ ئێسته‌ش مه‌مكدان له سه‌نته‌ردا هه‌ن،هه‌م به‌كارهاتوو و هه‌میش نوێ.
كاره‌كانی سه‌نته‌ری "په‌نا" كه بۆ هاوكاریی ژنانه، له بواری مه‌مك به‌كوێ و به‌چی گه‌یشت؟
كار و چالاكی سه‌نته‌ری په‌نا به‌داخه‌وه ئێسته له‌بڕی چالاكییه‌كانمان كه‌م بووه‌ته‌وه، وه‌ك ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای به‌و شێوه‌یه‌ی جاران به‌هێز نییه، یه‌كه‌م دوای گۆڕانكاری له سیستمی ڕێكخراوه‌كانی ناحكوومی و هاتنه ژێر چه‌تری فه‌رمانگه‌ی ڕێكخراوه ناحكوومییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم و تۆماركردنه‌وه‌ی به فه‌رمی، چه‌ند پڕۆژه‌ی گه‌وره‌مان به سپۆنسه‌ری فه‌رمانگه ئه‌نجامدان له ساڵه‌كانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ و ٢٠١٥، به‌ڵام دواتر و به‌هاتنی داعش هاوكاری فه‌رمانگه‌ش ڕاوه‌ستا و ئه‌و چالاكییانه‌ی كه پێویست بوون، وه‌ك به‌خشینی هۆشیاری بۆ دۆزینه‌وه‌ی گرێی شێرپه‌نجه و بۆ خۆپاراستن به‌شێوه‌ی ڕێكخراوه‌یی به‌رفراوان و هه‌مه‌گیر نه‌ما.
به‌ڵام دانیشتنمان و ده‌وامكردنی خۆبه‌خشانه له ناو سه‌نته‌ر كه ژوورێكی بچووك له لایه‌ن سه‌نته‌ری پزیشكی میدیا له هه‌ولێر پێمان به‌خشرابوو، له‌وێ پێشوازیمان له نه‌خۆشه‌كانمان ده‌كرد تا ساڵی پار واته ٢٠١٩ كه به‌داخه‌وه ئه‌وانیش ئه‌و تاكه ژووره بچووكه‌شیان لێ ستاندینه‌وه، ئێسته هاوكارێكم كه ڕێكخراو به‌ڕێوه ده‌بات، هه‌فته‌ی دوو ڕۆژ له نه‌خۆشخانه‌ی پار له هه‌ولێر له وه‌رگرتنی نه‌خۆشان بێ به‌رانبه‌ر به‌رده‌وامه و منیش لێره‌وه به‌گوێره‌ی توانام، مه‌مكه‌كان كۆ ده‌كه‌مه‌وه و ده‌یانگه‌یه‌نمه هه‌ولێر یانیش ڕاسته‌وخۆ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له سلێمانی و به سپۆنسه‌ری نه‌خۆشخانه‌كه خۆی، هه‌روه‌ها له هه‌ولێریش نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی هاوكار وسپۆنسه‌ری هێنانه‌وه‌ی مه‌مكیان كردووین، بڕیاره ئه‌مساڵ نزیكه‌ی ٢٥٠ مه‌مك واته سلیكۆن و مه‌مكدان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا/سلێمانی و نانه‌كه‌لی/هه‌ولێر به‌پێی پێویستی ئه‌وان دوای باشبوونی بارودۆخه‌كه بنێرمه‌وه.