كفری.. هاووڵاتییان لە بەسەربازگەكردنی بەنداوی باوەشاسوار نیگەرانن

:: PM:06:36:09/07/2020 ‌

 لە شارۆكەی كفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، هێزەكانی یەكەی 70 رەبییە و بارەگایان لە دەوروبەری بەنداوی باوە شاسوار دروست كردووە، ئەوەیش نیگەرانیی هاووڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوان داواكارن وەك شوێنێكی گەشتیاری، نەكرێتە سەربازگە.
چاوەڕوان دەكرێت بەنداوەكە بكرێتە پارك و رێژەی سەوزایی زیاد بكات
 ژمارەیەك لە خەمخۆرانی شارۆكەی كفری، ئەمڕۆ پێنجشەم 9 تەمووزی 2020، "وشە"یان ئاگەدار كردەوە كە شارۆكەی كفری یەك شوێنی گەشتیاری هەیە، ئەویش بەنداوی باوەشاسوارە، كەچی لەلایەن هێزەكانی 70وە سەنگەر و بارەگای لێ دروست كراوە.

 دووپاتیان كردەوە لەبری ئەوەی بەنداوەكە بكرێتە پارك و رێژەی سەوزایی تێدا زیاد بكرێت، كەچی تازە بە تازە بەسەربازگە دەكرێ.

نەوزاد محەمەد، گەنجێكی ناوچەكەیە، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، بەسەربازگەكردنی ناوچە گەشتیارییەكان كارێكی زۆر قێزەون و رێگە پێ نەدراوە، بۆیە هاووڵاتییان نیگەرانن لەو هەنگاوە، ئێمە چاوەڕێ بووین بۆ راكێشانی گەشتیار، بەنداوەكە خزمەتی زیاتر بكرایە، نەك بەسەربازگە بكرێ.

 بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە قادر فاتح، سەرۆكی شارەوانی كفری، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ پێنجشەم پێوەندیم بە میحوەری قەرەتەپە و هێزەكانی 70وە كرد و پێیان راگەیاندین كە بەشێوەی كاتی هێزیان لە بەنداوەكە جێگیر كردووە.

 سەرۆكی شارەوانی كفری دووپاتی كردەوە، پاش تەواوكردنی چەند رەبیەیەك لە دەرەوەی كفری، ئەو هێزەی هێنراوتە بەنداوەكە، لەو جێگەیە نامێنن، بۆ ئەوەیش بەڵێنم لە هێزەكانی 70 وەرگرتووە .

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل