بۆڵتن باس له‌و هه‌ڵمه‌ته گه‌وره‌یه‌ی میدیا ده‌كات كه به‌هۆی جیاوازی بۆچوون و لێدوانه‌كه‌ی نیكی هایلی له میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر حكوومه‌تی تره‌مپ ده‌ستی پێكرد و ئه‌مه به كێشه‌یه‌ك ناو ده‌بات، كه نه‌ده‌زانرا له كوێوه سنووری بۆ دابنرێت، جیا له‌وه پرسی ئێران و هه‌وڵه‌كانی بۆ هاوڕاكردنی له‌نده‌ن و به‌رلین و پاریس له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ دژایه‌تی ئێران و شكستهێنانی ئه‌و خواسته‌ی كۆشكی سپی و بڕیاره سه‌یره‌كانی تره‌مپ له‌باره‌ی بازرگانی و مایه‌پووچكردنی ئه‌مه‌ریكا به وردی ده‌خاته ڕوو.
گرفتی لێدوانه‌كه‌ی نیكلی هایلی نه‌بڕایه‌وه و به به‌رده‌وامی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرد و ڕۆژی سێشه‌م سه‌عات نۆ و 40 خوله‌ك پێوه‌ندیم به هایلی كرد و نیگه‌رانی زۆرم پێ ڕاگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌و تۆمه‌تی ده‌خسته پاڵ یاریده‌ده‌ره‌كانی، هه‌رچه‌نده پێشتر گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ره‌كانی كرد و دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه خۆكارانه بڕیاری داوه و پێوه‌ندی و ڕاوێژی به هیچ له یاریده‌ده‌ره‌كانیشی نه‌كردووه.
دووباره پێوه‌ندیمان به وادلی ڕاوێژكاری كرده‌وه و دواتریش له‌گه‌ڵ جۆن لیرنر قسه‌مان كرد، كه یاریده‌ده‌رانی هایلی بوون، به‌ڵام جارێكی تر ئه‌وان دووپاتیان له‌وه كرده‌وه و سووربوون كه ئه‌وان هیچ ئاگه‌داری قسه و لێدوانه‌كانی هایلی نه‌بوون و له میدیاكانه‌وه بیستوویانه، پرۆسه‌یه‌كی چڕ ده‌ستی پێكرد، تا پاڵنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی پشت ئه‌و قسانه‌ی هایلی له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه بدۆزرێته‌وه و تره‌مپیش به ته‌واوی تووڕه و نیگه‌ران بوو، به تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و قسانه‌ی له ڕۆژنامه و میدیاكان له‌باره‌ی خۆی و حكوومه‌ته‌كه‌یه‌وه ده‌گوترا، كه به بێ به‌رنامه و هه‌ڕه‌مه‌كی ناویان ده‌برد و خۆیشی زۆر به لاواز ده‌بینی به‌رانبه‌ر به ڕووسه‌كان.
لێدوانه‌كه‌ی نیكی هایلی وه‌ك گڕگرتنی ئاگر بوو له پاوانێك و پرۆسه و هه‌ڵمه‌تێكی چڕ له میدیاكان دژی حكوومه‌تی تره‌مپ ده‌ستی پێكرد و به به‌رده‌وامی دیبه‌یت و به‌رنامه‌ی له كه‌ناڵه‌كان له‌سه‌ر ده‌كرا، دواتر بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته چوومه به‌رنامه‌یه‌كی فۆكس نیوز، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه هێور بكه‌ینه‌وه و دووپاتم له‌وه كرده‌وه، كه ئه‌و سزایانه‌ی ڕاگه‌یه‌نراون، ته‌نیا بۆچوونن و جۆرێكه له فشار و نه‌بوون به بڕیار، به‌ڵام له‌وكاته نیكی هایلی نامه‌یه‌كی بۆ فۆكس نیوز و به‌رنامه‌كه نارد و نووسیبووی، له‌گه‌ڵ ڕیزی زۆرم، من هه‌ست به په‌شیمانبوونه‌وه ناكه‌م له‌و كاره‌ی كردوومه، ئه‌مه‌یش هێنده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی گه‌رموگوڕتر كرد و خاڵێك نه‌بوو لێیه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین و به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه زاڵ بین.
نیكی هایلی هه‌ڵه‌ی كرد و لێشی په‌شیمان نه‌ده‌بووه‌وه
به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌م تره‌مپ له‌گه‌ڵ شینزۆ ئابێ یاری گۆلفی ده‌كرد و دواتر خواردنیان به‌یه‌كه‌وه خوارد و له ئێواره كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ساز كرد و هه‌مووان له‌و بڕوایه‌دابوون كه دیداری لووتكه‌ی نێوان ژاپۆن و ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتنی باشی به‌ده‌ستهێناوه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆریای باكور و هاوئاهه‌نگی له‌سه‌ر توندكردنی سزاكان به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران.
تره‌مپ تا كۆتایی هه‌فته‌كه له فلۆریدا مایه‌وه و منیش گه‌ڕامه‌وه بۆ واشنتن و زۆر به وردی ئه‌مجاره تیشكمان خسته سه‌ر ئێران، له‌و بڕوایه‌دابووم كه به‌رنامه‌ی ناوكی ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌كو كۆریای باكور پێشكه‌وتوو نییه، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كانی زۆر گه‌وره‌تره، چونكه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نه نه‌یاره‌كانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هه‌مانشێوه هه‌وڵی دروستكردنی كۆره‌ی ئه‌تۆمی و بوون به خاوه‌نی چه‌كی ناوكی بده‌ن، به تایبه‌ت سعوودیه و توركیا و میسڕ، كه له زووه‌وه ئامانجێكی له‌وشێوه‌یه‌یان هه‌یه، كه ئه‌مه‌یش ناوچه‌كه ده‌كات به مه‌ترسیدارترین شوێن له جیهان، چونكه خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه زۆرتر كێشه‌كانیان به جه‌نگ یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌مه‌یش وا ده‌كات جیهان له مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دا بێت.
ئێران سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشانه‌ی له ناوچه‌كه دروستی كردووه و په‌ره به به‌رنامه ناوكییه‌كه‌ی ده‌دات و مووشه‌كی بالیستیكی كورتمه‌ودا و كیشوه‌ربڕ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا پشتیوانی سه‌ره‌كی گرووپه تیرۆریسته‌كانه له ناوچه‌كه، هه‌م له ڕووی پاره‌داركردنیان، هه‌میش له پێدانی چه‌ك، كه ئه‌مه‌یش بۆ داهاتوو كۆسپی گه‌وره و كاره‌ساتی مه‌زن دروست ده‌كات، چونكه ئه‌گه‌ر و مه‌ترسی هه‌یه كه چه‌كی كۆكوژ بكه‌وێته ده‌ست گرووپه تیرۆریستییه‌كان، وه‌كچۆن مووشه‌كی دوور مه‌ودا كه‌وتووه‌ته ده‌ست حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن.
هه‌وڵم دا له‌گه‌ڵ مارك سیدویلی ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌ریتانیا و فیلیپ ئاتیانی فڕه‌نسی و جۆن هیكری ئه‌ڵمانی به وردی باس له دۆسیه‌ی ئێران بكه‌م و بۆچوونیان له‌باره‌ی سیاسه‌تی نوێی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به ئێران بگۆڕم، هاوكات پێشتریش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا زۆر هه‌وڵی دا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی نزیكترین هاوپه‌یمانه‌كانمان به هه‌ڵه له نیازه‌كانی واشنتن تێ نه‌گه‌ن و ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر و وردتریان پێ بده‌ین، دواتر ماكرۆن و مێركلیش سه‌ردانی كۆشكی سپیان كرد و زۆرتر گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته كرد، به‌ڵام به هه‌موو شێوه‌ك دۆسیه‌كه وه‌كو خۆی مایه‌وه و ئه‌و سێ وڵاته نه‌هاتنه ڕیزی ئه‌مه‌ریكاوه بۆ مامه‌ڵه‌كردنی هاوبه‌شانه له‌گه‌ڵ ئێران.
به‌رنامه‌ی ناوكی ئێران مه‌ترسیدارتره له‌وه‌ی كۆریای باكور، چونكه وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوای ئێران هه‌وڵی دروستكردنی كوره‌ی ئه‌تۆمی و بوون به خاوه‌نی چه‌كی ناوكی ده‌ده‌ن
له‌لایه‌كی تره‌وه ڕاند پۆلی كۆنگرێسمان زۆر فشاری له‌سه‌ر مایك پۆمپیۆ دروست كردبوو و كێشه و جیاوازی زۆر له نێوان هه‌ردوولا هه‌بوو، دواتر پۆل مه‌رجی بۆ پۆمپیۆ دانابوو، كه دووپات له‌وه بكاته‌وه كه ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له 2003 هه‌ڵه بوو و پێویستیشه ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هێزه‌كانی له عێراق و ئه‌فغانستان له داهاتوویه‌كی نزیك بكێشێته‌وه، دواتر پۆمپیۆ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و بۆچوونانه‌ی له تویته‌ری خۆی بڵاو كرده‌وه، كه من هه‌رگیز باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد ئه‌مه بۆچوونی خۆی بێت و دڵنیابووم له‌وه‌ی كه فشاری له‌سه‌ر دروستكراوه، جۆن سۆلیڤان له‌وباره‌وه پێی ڕاگه‌یاند، كه پۆمپیۆ له‌گه‌ڵ راند پۆل گفتوگۆی كردووه و جۆرێك له ستایش و موجامه‌له‌ی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م كاره‌كانی.
راند پۆلیش له به‌رانبه‌ر تویته‌كه‌ی پۆمپیۆ سوپاسی كردبوو و دووپاتی له‌وه كردبووه‌وه، كه مادام ناوت جۆن بۆڵتن نییه، پشتیوانی ئێمه‌ت ده‌بێ و سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت، كاتێك ئه‌و قسانه‌یشم پێگه‌یشته‌وه، شانازیم به‌خۆم كرد كه نه‌چوومه‌ته پۆستێكه‌وه قسه و بۆچوونی پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕه‌كانی خۆم به فه‌رمی ده‌رببڕم.
پاش هاتنه‌وه‌ی تره‌مپ زۆر باسمان له بابه‌تی بازرگانی كرد و زۆر كۆبوونه‌وه‌یش له‌وباره‌و ه‌كرا، دواجار له‌گه‌ڵ تره‌مپ ڕێككه‌وتین كه نابێ ڕێككه‌وتنه بازرگانییه نوێكانمان پێچه‌وانه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی بازرگانی ئازاد بێ له زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، به‌ڵكو پێویسته زیاتر چالاكییه‌كانی چین به ئامانج بگرین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چین زۆرترین داهێنانی هزری ئه‌مه‌ریكای دزیوه، به تایبه‌ت له بواری ته‌كنه‌لۆجیا خه‌ریكه به ته‌واوی قووڵ ده‌بێته‌وه بۆ ناو ئه‌مه‌ریكا و ده‌ستی ده‌گاته هه‌موو ناوه‌نده‌كانی داهێنان و پێشخستنی ته‌كنه‌لۆجیا.
ئامانجی تره‌مپ له جه‌نگی بازرگانی له‌گه‌ڵ چین بۆ هاندانی په‌كین بوو تا گه‌مارۆ بخاته سه‌ر پیۆنگیانگ نه‌ك خزمه‌تی ئه‌مه‌ریكا بكات
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تره‌مپیش له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونانه هاوڕا بوو، به‌ڵام دواجار ته‌نیا به‌رانبه‌ر چین نه‌وه‌ستایه‌وه، به‌ڵكو دژ به هاوپه‌یمانه‌كانیشمان ده‌ستی به هه‌نگاونان كرد و له ڕێككه‌وتنه بازرگانییه‌كان كشایه‌وه، ئه‌و ته‌نیا ناوخۆی ئه‌مه‌ریكای ده‌بینی و كاردانه‌وه‌كانی لێك نه‌ده‌دایه‌وه، كه ئه‌مه‌یش ئێسته بووه‌ته كێشه‌یه‌كی گه‌وره به ڕووی ئه‌مه‌ریكا دا.
له ڕاستیدا باسكردن له بواری ئابووری و بازرگانی له سه‌رده‌می حوكمی تره‌مپ دا، زۆر ئازاربه‌خشه و پڕه له نائومێدی و هه‌واڵی ناخۆش، چونكه ئه‌و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئابووری ئه‌مه‌ریكای به‌ره‌و دواوه گه‌ڕانده‌وه و زیانی زۆری به ئه‌مه‌ریكییه‌كان گه‌یاند، ئه‌مه‌یش ده‌رئه‌نجامی نه‌بوونی ستراتیجێكی ئابووری قووڵ بوو له لایه‌ن تره‌مپه‌وه و گوێنه‌گرتنی بوو بۆ ڕاوێژكاره‌كان و پسپۆرانی ئه‌و بواره.
دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌كان له كۆشكی سپی كه زیاتر له نووسینگه‌ی سپی سه‌رۆك و هۆڵی رۆزفلت بوون، كه له‌باره‌ی ئابووری و بازرگانییه‌وه بووایه‌ن، به ته‌واوی ده‌بوو به كێشه و ناكۆكی قووڵی لێ ده‌كه‌وته‌وه و من ناوم ده‌نان شه‌ڕكردن، نه‌ك كۆبوونه‌وه، چونكه ته‌نیا یه‌ك كه‌س بڕیاری ده‌دا، بێ ئه‌وه‌ی ڕوانینێكی دوورمه‌ودای هه‌بێ و هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی بڕیاره‌كان لێك بداته‌وه.