بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی لە تیمی گۆڕان لە ناو حکوومەت دەکات

:: AM:10:47:10/07/2020 ‌
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکی ئاسایی خۆی ئەنجامدا لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، "بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی تەواوی تیمی خۆی دەکات لە حکوومەتدا".

گفتوگۆ لەسەر یاسای چاكسازی كراوه‌
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژ كراوه‌ کە جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی کردووه‌ته‌وه‌ لە سەر ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی و بەشداری بزووتنەوەی گۆڕانیش لە کابینەی نۆ تەنیا بەم ئامانجەیە و لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی تیمی خۆی دەکات لە حکوومەتدا.

زیاتر هاتووه‌ ،"بزووتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین، گەرمیان ئەنجام ئەدات".

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گه‌یاندووه‌، "دڵنیاین دەتوانین قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی بە بەشداری چاکسازیخوازان و هاونیشتیمانیان تێ دەپەڕێنێت".

پێشتر جڤاتی گشتی و باژێڕوانەكانی گۆڕان كۆبوونەوە و چەند بڕیار و ڕاسپاردەكەیان ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كرد.

لە ماوەی ڕابردوو ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان کۆ بوویەوە، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان یاسای چاکسازی حکوومەتی هەرێم تاوتوێ کرا.


وشە - محەمەد میران