ترەمپ بۆ یەكەم جار بە دەمامكەوە دەركەوت

:: AM:10:19:12/07/2020 ‌
لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بووەتەوە، هیچ كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ پاراستنی خۆی لە ڤایرۆسەكە دەمامكی نەپۆشیبوو، بەڵام بۆ یەكەم جار بە دەمامكەوە دەركەوت و ئەمەش بووە جێی سەرنجی میدیاكان.

ئەو لە میانەی سەردانێكی بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی والتر رید لە نزیك واشنتن و بەسەركردنەوەی بریندارانی جەنگ و پزیشكانی نەخۆشخانەكە، دەمامكێكی رەشی پۆشیبوو.

ترەمپ بۆ ئەم كارەی دەڵێت هیچ كاتێك دژی بەستنی دەمامك نەبووە، بەڵام پێی وابووە دەبێ لە شوێنی تایبەت و پێویست دەمامك سوودی لێ وەرگیرێت، نەك هەموو كاتێك و لە هەموو شوێنێك.

سەرۆكی ئەمەریكا پێشتر چەند جارێك گاڵتەی بە جۆ بایدن ركابەرەكەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمەریكا كردبوو لەوەی دەمامكی پۆشیوە.

جگە لەمە كاتێك ناوەندی كۆنترۆڵ و بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ئەمەریكا لە مانگی نیساندا داوای كرد لە شوێنە گشتییەكان دەبێ دەمامك بەكار بهێنرێت، ترەمپ گوتی گوێ بەو رێنوێنییە نادات.

بەگوێرەی بی بی سی، میدیاكان دەڵێن راوێژكار و بەرپرسە نزیكەكانی ترەمپ بەردەوام ئامۆژگاری ترەمپیان كردووە لەوە سوود لە دەمامك وەربگرێت، بەڵام ئەو بەقسەی نەكردوون.
لە ئەمەریكا سەرووی 135 هەزار كەس بە كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە

ئەمە لە كاتێكدایە لە ئەمەریكا سەرووی 135  هەزار كەس بە كۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و رۆژانە دەیان هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە دەبن.


وشە - سلێمان تاشان