شنگال.. گۆڕێكی بەكۆمەڵی ئێزیدییەكان سووتا

:: PM:03:59:12/07/2020 ‌

تا ئێستە گۆڕە بەكۆمەڵەكان وەك نیشانەیەكی گەورەترین و قێزەوەنترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و كۆمەڵكوژی داعش بەرانبەر كوردانی ئێزیدی ماوەتەوە، كاتێك لە ئابی 2014 چەكدارانی داعش دەڤەری شنگالیان گرت و پیاوەكانیبان كوشت و لە گۆڕی بەكۆمەڵیان ناشتن، ژن و منداڵەكانیشیان بەدیلی برد، لە باشووری شنگال گۆڕێكی بەكۆمەڵ سووتا.
گۆڕە بەكۆمەڵەكان فەرامۆش كراون و تووشی شێوان و تێكچوون هاتوونە
جەلال دلۆ، بەڕێوەبەری شارەدێی قەحتانییە لە باشووری شنگال گوتی، چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە شارەدێكە خەریكە لەناو دەچن، یان بەهۆی لافاو و بارانی بەخوڕ یان بەهۆی ئاژەڵی كێوییەوە، دوایین رووداویش سووتانی گۆڕێكی بەكۆمەڵ بووە بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە پووش و پاوانی نزیك لە سنووری شارەدێكە.

زیاتر گوتی، دامەزراوەكانی حكوومەت و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی پێوەندیدار بەو پرسە، ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەیان فەرامۆش كردووە و ئەوانیان بۆ شێوان و تێكچوون جێهێشتووە، بێ ئەوەی چارەسەر بكرێن یان رێگە بە گواستنەوەی تەرمەكان بدرێت.

بەڕێوەبەری شارەدێی قەحتانیە ئاشكرای كرد كە 10 گۆڕی بەكۆمەڵ لەكۆی 75 گۆڕ، لە سنووری شارەدێكەیان لە باشووری شنگال هەیە، شایەنی باسە پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی دەستی داعش، دەستی پێ كردووە، بەڵام بەهۆی پێویستی بە بوونی تیمی تایبەت و هاوبەش، ئەو پرۆسەیە خاوەخاوی تێكەوتووە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل