كەركووك.. ئەفسەرێكی كورد لە زیندان گیانی لەدەست دا

:: PM:09:44:12/07/2020 ‌

دوای 10 مانگ لە زیندانیكردن و بوونی گومان لە دۆسیەكەی، ئەفسەرێكی كوردی خەڵكی شارۆكەی دوبز لە سنووری پارێزگای كەركووك، بەمدواییە تووشی جەڵتەی مێشك هاتەوە و ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.
عەرەبەكان ئەو ئەفسەریان خستە زیندان
سەڵاحەدین رەجەب، ئەفسەر لە پۆلیسی كەركووك، بە"وشە"راگەیاند، ئەفسەرێكی كورد دوای ئەوەی بەمدواییە لە زیندان تووشبوونی جەڵتە هاتبووەوە، ئەمڕۆ یەكشەم كۆچی دوایی كرد .

 زیاتر گوتی، ئەو ئەفسەرە تۆمەتێكی بۆ هەڵبەسترا بوو، لەكاتێكدا تاوانی نەبووە، بەڵام بەهۆكاری تایبەت زانیاری زیاتر ناخەینە روو.

 لەوبارەوە جەواد محەمەد، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی دوبزی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی  راگەیاند،  ئەمڕۆ یەكشەم، پاش زیاتر لە 10 مانگ  لە زیندانیكردنی، ئەفسەرێكی كورد بەناوی (ف م)، گیانی لەدەست دا.

زیاتر گوتی، ئەو ئەفسەرە ماوەی 10 مانگە لە زیندانی ئینزیباتی كەركووك گیراوە و بەر لە پێنج رۆژ جەڵتەی مێشك لێی دا و ئەمڕۆ یەكشەم لە نەخۆشخانەی ئازادی لە كەركووك گیانی لەدەست دا.

 ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەیشی خستە روو، ئەگەرچی ئەو ئەفسەرە لە كوشتنی كەسێك تێوەگلا بوو، بەڵام پاشتر رای گەیاندبوو تەقەیان لە كەسانێك كردووە تیرۆریست بوون، ئیتر عەرەبەكان پارێزگارییان لە كوژراوەكە كرد و ئەو ئەفسەریان خستە زیندان، بۆ ئەوەش سوودیان لە لێكەوتەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بینی، بۆ سكاڵاكردن لەسەر ئەو ئەفسەرە.

شایەنی باسە پاش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری باڵێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، عەرەبە هاوردەكان و هاوكارەكانی داعش، كەوتوونەتە گیانی كورد و بە هەموو شێوەیەك دژایەتی كورد دەكەن .

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل