گەندەڵی گەورە لە وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:52:12/07/2020 ‌

لە عێراق هەموو هاوینێك لەگەڵ وەرزی گەرما بوونی كێشەی كارەبا زیاتر دەردەكەوێت و خەڵك خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی بۆ دەكات، بەرانبەر بەوە حكوومەتەكان بە چەند بەڵێنێك هاوینەكە كۆتایی پێ دێنن نەوەك كێشەی كارەبا، بۆیە دووبارە دەبێتەوە، پەرلەمانتارێكی عێراق پەردە لەسەر هۆكاری كێشەی كارەبا لە عێراق لادەدات.
كەرتی كارەبا بەدەست گەندەڵی دارایی و كارگێڕییەوە دەناڵێنێت
سەرچاوەی زۆرینەی كێشەكانی عێراق، بەتایبەتی لاوازی و نەبوونی خزمەتگەزارییە سەرەكییەكان، گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدان و نەبوونی توانای بەڕێوەبردنە، ئەوانەیش بەهۆی قۆرخكردنی پۆستەكانە لەلایەن حزبەكانەوە، كە كەسی ناشایستە و نزیك لەخۆیان لەو پۆستانە دادەنێن، تەنیا گرنگی بە بەدەستهێنانی زیاترین پارە بە خراپترین ئیدارەدان دەدەن.

عەلی عەبوودی، ئەندامی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق گوتی، یەكێك لە هۆكارەكانی دووبارەبوونەوەی خۆپێشاندانەكان هەموو ساڵێك، خراپیی دۆخی كاربایە، دەبێت چارەسەرێكی ستراتیجی بۆ ئەو كێشە هەبێت، چونكە ساڵ دوای ساڵ كێشەكە گەورەتر دەبێت.

زیاتر گوتی، پێش رووخانی سەدام حوسێن، عێراق رۆژانە پێنج مێگاوات كارەبای بەرهەم دەهێنا، ئێستە 18 هەزار مێگا وات بەرهەم دێنین و بەش ناكات و كێشەمان هەیە، پشێوی لە بەڕێوەبردن هەیە و لەبەر ئەوە ناگەین بە چارەسەری، ئێمە 200 هەزار فەرمانبەرمان لەو وەزارەتە هەیە و ئەوەیش بارگرانییە.

ئاشكرای دەكات، لەو وەزارەتە گەندەڵی ئیداری و دارایی هەیە، بۆ نموونە گرێبەست بە كەسانی دەسترۆیشتوو دەدرێت، بەوەیش نرخی مێگاواتێك بۆ 110 دینار بەرز دەكاتەوە، كەچی لە پسوولەی كرێی كارەبا بە 10 دینار دەنووسرێت، هەندێك لە وێستگەكان پێوەیستیان بە سووتەمەنی گرانبەها هەیە و ئەوەیش گەندەڵییە، جیا لە بوونی گرێبەستی وەبەرهێنان كە بڕی پارەی دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراندنی وێستگەیەكی كارەبا كە خۆی زیاتر لە 3.5 ملیۆن دۆلاری تێناچێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل