رێكخراوی تەندروستی جیهانی هاوكاری دەگەیەنێتە هەرێمی كوردستان

:: AM:09:25:13/07/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، بڕیارە لە 18ـی تەمووز ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بڕێك هاوكاری پزیشكی بگەیەنێتە هەرێمی كوردستان.

ئەمرۆ دووشەم 13ـی تەمووز، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە ڕێكخراوی تەندروستی هاوكاری پزیشكی تایبەت پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.

سەرەتای هەفتەی داهاتوو هاوكارییەكان دەگەنە هەرێمی كوردستان
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، لە 18ـی تەمووز دەكاتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هاوكارییەكان دەگەنە هەرێمی كوردستان، بڕی هاوكارییەكە چوار تۆنە و پێداویستی پزیشكی لەخۆ گرتووە، هەروەها ئەو هاوكارییە لە دەرەوەی ئەو هاوكارییانەیە بۆ عێراق دێتە ناردن، بەڵكو ئەوەیان تایبەتە بە هەرێمی كوردستان.

باسی لەوەش كرد، هاوكارییەكان بریتین لە كەلوپەلی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێداویستییە پزیشكییەكان و چەند شتێكی تری پزیشكی كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بەكار دێن، دواتر بەسەر سەرجەم ناوەندەكانی چارەسەر و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێن.

ئێستە لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە نۆ هەزار تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەن و لەو ژمارەیەش 320 كەس گیانیان لە دەست داوە و نزیكەی شەش هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد