وەزارەتی دارایی: كاری نایاسایی ناكەین

:: AM:10:52:13/07/2020 ‌
وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕای دەگەیەنێت، ماوەیەكە لە لایەن هەندێك دادوەر و پارێزەر و كەسایەتی و میدیاكارەوە، پرسیارمان لێ دەكرێت لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی هیچ دادوەرێك، ئێمە هیچ كارێكی نایاسایی ناكەین.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی تەمووز، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە، ماوەیەكە لە لایەن هەندێك دادوەر و پارێزەر و كەسایەتی و میدیاكار پرسیارمان لێ دەكرێت لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی چەند دادوەرێك، ئێمە بۆ هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین. هیچ نووسراو و داواكارییەكی لەو بابەتە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری نەهاتووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادە نییە لە ژێر هیچ پاساوێكدا بڕیار و كاری نایاسایی تێپەڕێنێت
ئەو وەزارەتە ڕوونی كردووەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادە نییە لە ژێر هیچ پاساوێكدا بڕیار و كاری نایاسایی تێپەڕێنێت.

پێشتر "وشە" بەڵگەی بڵاو كردەوە كە چەند دادوەرێك لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، داوای درێژكردنەوەی كاری ئەو دادوەرانە كرابوو، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كردبوو و بڕیاری درێژكردنەوەی كاری چەند دادوەرێكی بە نایاسایی زانی بوو.

لە نووسراوەكەی دەستپاكیدا هاتووە، بەپێی یاسای ئەنجوومەنی دادوەری، تەمەنی خانەنشینی بە 65 ساڵی دیاری كراوە، ئێستە چەند فەرمانێكتان دەركردووە بۆ درێژكردنەوەی خزمەتی چەند دادوەرێك، پێتان ڕادەگەیەنین ئەو بڕیارەتان پاڵپشتی یاسایی نییە.

لە نووسراوەكەدا ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، ئەو بڕیارانە تەنیا پێوەست نین بە دەسەڵاتی دادوەری، بەڵكو پێوەستن بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان، بۆیە نابێ ئەو بڕیارە هیچ لێكەوتەی دارایی لێ بكەوێتەوە، بۆیە داواكارین ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە.

لە كۆتایی نووسراوەكەدا داوا كراوە ئەگەر پێویستیتان بە درێژكردنەوەی خزمەتی ئەو كەسانە هەیە، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی دادوەری بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی چەند دادوەرێكی دەركرد.



وشە - رامیار جەواد