كاتی دابەشكردنی پارە بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرا

:: PM:12:29:13/07/2020 ‌
بڕیكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕای دەگەیەنێت، دوای كۆكردنەوەی ناوی سەرجەم كەسە شایستەكان و ئامادەبوونی ناوەكان، فۆڕمێك لەلایەن پارێزگارەكان ئامادە دەكرێت و دەست دەكرێ بە دابەشكردنی پارە بەسەر هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی تەمووز، زەكییە سەید ساڵح بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە بۆ دابەشكردنی ئەو پارەیە، ئەو خێزانانەی سوودمەند دەبن بریتین لە 140 هەزار خێزان بە بڕێك پارە كە كۆی گشتی 15 ملیار دینارە.

ئەو خێزانە هەژارانە سوودمەندبن كە توانای داراییان سنووردارە و مووچە و داهاتێكی دیاریكراویان نییە 
بریكاری وەزارەتی كار گوتی، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەو خێزانە هەژارانە سوودمەندبن كە توانای داراییان سنووردارە و مووچە و داهاتێكی دیاریكراویان نییە، دەمانەوێ كەمئەندامێك و كەسێكی هەژار و.. هتد سوود لەو پارەیە وەربگرن.

ڕوونی كردەوە، ئێستە هیچ فۆڕمێك نییە و ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا هەیە، هیچ پێوەندی بە ئێمەوە نییە، چونكە ئێستە سەرقاڵی لیستێكین تا ناوی ئەو كەسانە دیاری بكرێن كە شایستەی وەرگرتنی ئەو پارەیەن.

باسی لەوەش كرد، ئێستە لەسەر ئاستی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەو لیستەن و لەگەڵ تەواوبوونیان، دەست دەكەین بە تەواوبوونی كارەكان.

پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خێزانە هەژارەكانی هەرێمی كوردستان، بڕێكی پێداویستی خۆراكی دابەش كرد و سەرەتای ئەو مانگە كۆتایی بە پرۆسەكە هات.




وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 5418 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌