بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان دەدرێت

:: PM:12:31:13/07/2020 ‌
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، تا ئێستە گەشتی مەدەنی فڕۆكەخانە دەستی پێ‌ نەكردووەتەوە و هەفتەی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 13تی تەمووز، تەلار فایەق بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، تا 22ی تەمووز سەرجەم گەشتەكان لە فڕۆكەخانە ڕادەگیرێت، بەڵام هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت كە ئایا گەشتە ئاسمانییەكان دەكرێنە یان نا.

بەغدا داوای لە ئێمە كردووە، تاوتوێی دۆخەكە بكەین و بۆچوونی خۆمان رابگەیەنین
بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی هەولێر گوتی، بەغدا داوای لە ئێمە كردووە، تاوتوێی دۆخەكە بكەین و بۆچوونی خۆمان رابگەیەنین، ئەگەر هەیە هەفتەی داهاتوو گەشتەكان دەست پێ بكەنەوە، بەڵام دوا بڕیار لە لای  فڕۆكەوانی بەغدایە ئێمە ئامادەییمان هەیە.

روونی كردەوە، بەهۆی داخستنی فڕۆكەخانەكە، زیانی زۆریان پێ گەیشتووە و هەوڵ دەدەن هەنگاو بە هەنگاو لە دوای كردنەوەی فڕۆكەخانەكان قەرەبووی زیانەكان بكەنەوە، هەروەها گەشتە بازرگانی و سەربازییەكان بەردەوام بوونە و هەژاران تۆن كەلوپەل گواستراونەتەوە و هەژاران كەس بە فڕۆكە هاتوچۆیان كردووە.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر گەشتەكان دەست پێ‌ بكەنەوە، پێوستە هاووڵاتی چوار سەعات پێشتر لە فڕۆكەخانە ئامادە بێت بۆ ئەوەی ئەو پشكنین و ڕێكارانەی پێویستە بكرێت، لە پێشوو جیاواز دەبێت.



وشە - رامیار جەواد