ئەو كەسانە كەمتر تووشی كۆرۆنا دەبن

:: PM:04:07:13/07/2020 ‌

تا ئێستەیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە و ئاماری تووشبووان لە 13 ملیۆن حاڵەت نزیك دەبێتەوە و مردنیش لە 570 هەزار حاڵەت، پزیشكێكی بەرگریزانی رووسی ئەو كەسانە دیاری دەكات كە كەمتر مەترسی تووشبوونیان بە پەتای كۆرۆنا هەیە.
بەرگری بەهێزی لەش باشترین پارێزەرە
لەوكاتەی تا ئێستە هەموو مرۆڤایەتی چاوەڕوانی مژدەیەكی خۆشە بە سەركەوتنی پێكوتەیەكی بنبڕ بۆ پەتای كۆرۆنا، نیكۆڵای كریۆچكۆڤ، پزیشكی بەرگریزانی رووسی ئاماژە دەكات كە هەندبَك كەس كەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، لەوانە ئەوانەی بەرگرییەكی بەهێزی خۆرسكیان هەیە.

ئەو لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی "كۆمسومۆلسكایا پراڤدا" زیاتر گوتی، ئەوكاتەی لەشی ئەوانە ژەمێكی بچووكی ڤایرۆسی وەردەگرن، سیستمی بەرگری لەشیان لەسەر ئاستی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسەدان، رووبەڕووی ڤایرۆسەكە دەبێتەوە و رێگە بە دزەكردنی زیاتر بۆ ناو لەش نادات. 

ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات، كەسانی تر بریتین لەوانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرینای وەرزی دەبنەوە، ئەوان دەبنە خاوەن دژەتەنی بەهێز یان خانەی بەرگری لە لەشیان كە لەگەڵ هەر وەڵامدانەوەیەكی دیاریكراوی بەرگریدا، چالاك دەبنەوە.

ئەو پزیشكە روونی كردەوە، ئەو كەسانەی بەگشتی خاوەن لەشێكی بەهێزن و ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتە نییە و بەرگری لەشیان لاواز نییە، كەمتر مەترسی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، تەنانەت لە حاڵەتی تووشبوونیش، نیشانەكانیان زۆر بە سووكی لەسەر دیار دەكەوێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل