گەنجێكی خورماڵ دەرمانڕێژی پاركی گشتی دەكات

:: PM:10:24:13/07/2020 ‌

كاری خۆبەخشانە ئاكاری تاكەكانی هەموو كۆمەڵگە و نەتەوەیەكی پێشكەوتوو و شارستانییە، ئەو بەرجەستەی ئاستی بەرزی رۆشنبیری و هۆشیاری تێكەڵ بە دڵسۆزی دەكات، لەوكاتەی خاك و نیشتمانی پێویستی پێیانە، گەنجێكی خورماڵی خۆبەخشانە دەرمانڕێژی دارەكانی پاركی شارەكە دەكات و لە وشكبوون دەیانپارێزێت.
پاراستنی جوانی و پاكی هەر شارێك لە ئەستۆی رۆڵەكانیەتی
هۆشمەن فارس، مامۆستایەكی گەنجی خورماڵ و چالاكی ژینگەییە، بە "وشە"ی گوت، سەردانی پاركی گشتی خورماڵم كرد، دار سنۆبەرەكانی پاركەكە تووشی جاڵجاڵۆكە هاتبوونەوە، ئەو دارانەیش ئەگەر دەرمانی دژ بە جاڵجاڵۆكەی بۆ بەكار نەهێنی، پاش ماوەیەكی كەم وشك دەكات، كە لپێشتر ئەزموونم لەوبارەوە هەیە.

زیاتر گوتی، تەنگژەی دارایی هەیە و حكوومەت وەك پێویست ناتوانێت لە پڕۆژەكان بپرسێتەوە، وەك خەمخۆرێكی ژینگە و بۆ ئەوەی شارەكەمان سەوز و جوان بمێنێتەوە، بەتایبەتی پاڕكی گشتی كە یەكێكە لە جوانییەكانی شارەدێی خورماڵ، لەسەر ئەركی خۆم دەرمانم دابین كرد و پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە بەشی باخچەكانی شارەوانی خورماڵ، بە هاوكاری ماموستایەكی هاوڕێم، سەعات چواری بەیانی دەرمانی پاركەكەمان كرد.

 پاڕكی گشتیی خورماڵ لەسەر رووبەری 24 دۆنم زەوی بنیات نراوە و سەدان دار و درەخت و گوڵی جۆراوجۆری تێدا ڕوێندراوە و دیمەنێكی جوان و دڵفڕێنی بە خورماڵ بەخشیوە.

 "خزمەتكردنی پڕۆژەكە ئەركی حكوومەتە، بەڵام كاتێك تەنگژەی دارایی هەیە و حكوومەت وەك پێویست ناتوانێت خزمەتی پڕۆژەكان بكات كە بە پارەیەكی زۆر بنیات نراوە، ئەركی هاووڵاتییانە خزمەتی پڕۆژە گشتییەكان بكەن و نەیەڵن تیابچێت، دار و درەختەكان ئۆكسجینمان بۆ دابین دەكەن"، هۆشمەن فارس وای گوت.

 ئەو چالاكە خۆبەخشە روونی كردەوە، لە ساڵی 2014 لەگەڵ چەند كەسێكی تر، بە سێ قۆناخ ڕێگەی نێوان گوندی یاڵانپێ- شارەدێ خورماڵ زیاتر لە 700 دارمان ناشت، بەردەوام هەر خۆمان خزمەتی دەكەین و دیمەنێكی زۆر جوانی هەیە.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل