تاقیكردنەوەی پێكوتەی كۆرۆنا سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد

:: AM:11:49:15/07/2020 ‌
ئەنجامە سەرەتاییەكانی تاقیكردنەوەی پێكوتەی مۆدێرنا لە ئەمەریكا سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و دەرچووە سەرجەم ئەو كەسانەی كوترابوون، هیچ جۆرە كاریگەرییەكی مەترسیدار لەسەر جەستەیان دروست نەبووە و بە پێچەوانە بەرانبەر كۆرۆنا بەرگرییان بەهێز بووە.
لە 27ی ئەم مانگە لەسەر 30 هەزار كەس تاقی دەكرێتەوە.

كۆمپانیای مۆدێرنا باسی لەوە كردووە پێكوتەكە لەسەر 45 كەس تاقی كراوەتەوە و ئەنجامەكان لە سەرجەم كەسەكان ئەرێنین. ئەنجامە سەرەتاییەكانی ئەم پێكوتەیە كە بە Mrna-1273 ناسراوە، شەوی رابردووو لە ئەمەریكا بڵاو كرایەوە و تاقیكردنەوەی كۆتایی پێكوتەكە لە 27ی ئەم مانگە لەسەر 30 هەزار كەس تاقی دەكرێتەوە.

ئەو خۆبەخشانەی لە قۆناغی یەكەمدا پێكوتەكەیان لێ درابوو و جۆرە دژە ڤایرۆسێك لە لەشیاندا دروست بووبوو، لە ئاستی ئەوانە بەرزترە تووشی كۆرۆنا بوون و چاك بوونەتەوە.

ئەنجامە سەرەتاییەكانی ئەم توێژینەوە زانستییە لە گۆڤاری پزیشكیی نیوئینگڵاند بڵاو كراوەتەوە.

كاریگەرییەكانی ئەو پێكوتەیە لەسەر ئەو كەسانەی لەسەریان تاقی كرابووەوە زیاتر سەرئێشە، ماندوویەتی لەش، تا و ئازاری شوێنی لێدانی پێكوتەكە بووە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، مۆدێرنا یەكەم كۆمپانیا بوو لە مانگی ئاداری ئەمساڵ یەكەم جار دەستی بە پشكنینی پێكوتە لەسەر مرۆڤ كرد.

ئانتۆنی فاوچی سەرۆكی تیمی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە كۆشكی سپی یەكەم كەس بوو ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەكەی بە سەركەوتوو هەژمار كرد.

پێویستە بگوترێ 581 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون و سەرووی 13 ملیۆن و 470 هەزار كەسیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.



وشە - سلێمان تاشان