تەنگژەی لیبیا بەهەمان ئاراستەی تەنگژەی سووریا دەڕوات، ئێستە تەنیا هێزە ناوخۆییەكان ناجەنگن، بەڵكو ئەو وڵاتە بووەتە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی و لەگەڵ گەیشتنی جەنگ بۆ كۆنترۆڵكردنی بیرە نەوتەكان، یاریكەرەكان پەردە لەسەر دەموچاویان لا دەدەن و جەنگێكی نزیك بەڕێگەوەیە.
توركیا سنووری پێشڕەوییەكانی حكوومەتی ویفاق دیاری دەكات
وەك ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی رووبەڕووبوونەوە و دروستبوونی دۆخی پێش جەنگ، چالاكانی لیبی ئاماژە بۆ پاشەكشەكردنی چەكدارانی گرووپی فاگنەری رووسی لە شاری سرت دەكەن، ئەوان بەرەو بیرە نەوتەكان دەچن، ئەوەیش هەنگاوێكە لەبەرژەوەندی حكوومەتی ویفاقە كە توركیا پاڵپشتی دەكات، لەوكاتەی خۆیان بۆ هەڵكوتانە سەر هەردوو شاری سرت و جەفرە ئامادە كردووە.
خالد مەحجووب، ئەفسەر لە سوپای نیشتمانی لیبیا سەر بە خەلیفە حەفتەر و نەیار بۆ حكوومەتی ویفاق و توركیا، دووپاتی كردەوە ئەوان لە سرت چاودێری دۆخەكە دەكەن و هێزەكانیان زیاد كردووە لە ئەگەری هەر هێرشێكی ویفاق و توركیا، لەوكاتەی توركیا بەم دواییە ئاگربەستی لەو وڵاتە رەت كردەوە، راشی گەیاند كە دەبێت بەر لە هەر ئاگربەستێك حكوومەتی ویفاق كۆنترۆڵی شاری سرت و بنكەی ئاسمانی جەفرە بكات.
لای خۆیەوە لیوا ئەحمەد مەساری، گوتەبێژ بەناوی هێزەكانی حەفتەر گوتی، چەند سەعاتی داهاتوو جەنگێكی گەورە لە دەوروبەری هەردوو شاری سرت و جەفرە بەخۆیەوە دەبینێت، لەوكاتەی هێزەكانی حكوومەتی ویفاق لە دەوروبەری دوو شارەكە خۆیان كۆ كردووەتەوە، بەڵام جەنگی داهاتوو تەنیا لیبی نابێت، بەڵكو لایەنی بیانی و عەرەبش تیایدا بەشدارن، و ەك ئاماژەیەك بۆ توركیا و میسڕ و رەنگە رووسیا و فڕنسایش، چونكە پلانەكەی توركیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەكە.