وادەی زاڵبوون بەسەر كۆرۆنا دیاری دەكرێت

:: PM:05:20:15/07/2020 ‌

لەوكاتەی كۆمپانیاكانی دەرمان و زانا و توێژەران، لە كێبەركێدان لەگەڵ كات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنبڕ بۆ پەتای كۆرۆنا بەر لەوەی گیانی زیاتر ببات و هاتنی شەپۆڵی دووەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، گەورە شارەزایەكی پەتازانی ئەمەركی ئاماژە بۆ وادەی زاڵبوون بەسەر پەتاكە دەكات.
هیچ ڤاكسینێك پارێزراوی 100% دروست ناكات
 ئەنتۆنیۆ فاوچی، ئەندامی شانەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا رای گەیاند كە لە ماوەی ساڵێك یان 18 مانگی تر، چیتر خەڵك نیگەرانی تووشبوونیان بە پەتای كۆرۆنا نابن و ئەو پەتایە كۆتایی دێت، وەك ماڵپەڕی "بزنس ئینسایدەر"، بڵاوی كردەوە.

زیاتر گوتی، لە حاڵەتی دۆزینەوەی ڤاكسینی دژ بەو ڤایرۆسە، هیچ ڤاكسینێك 100% لەو پەتایە ناپارێزێت، بەڵام هیوامان وایە بتوانێت بە رێژەی 70-75% پارێزی دروست بكات.

ئەو قسانەی فاوچی دوای ماوەیەكی كەم دێت لە دووپاتكردنەوەی كۆمپانیای دەرمانی مۆدێرنای ئەمەریكی بەوەی ئەنجامی سەرەتایی ڤاكسینەكەی دژی كۆرۆنا پەرەی پێ دەدەن، سەلامەتە و وەڵامدانەوەی بەرگری دروست دەكات.، كاتێك كۆمپانیاكە روونی كردەوە كە تاقیكردنەوە كلینیكییەكان لە 27ی ئەم مانگە دەگەنە قۆناغی كۆتایی بۆ زانینی كاریگەرییەكانی بۆ پاراستنی خەڵك لە تووشبوون.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل