هاتنی وەزیری دەرەوەی فڕەنسا بۆ هەولێر بایەخێکی زۆری بۆ کورد هەیە

:: PM:05:22:15/07/2020 ‌
بڕیارە سبەی پێنجشەم  ژان ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا سەردانی بەغدا بکات و دواتر بێتە هەرێمی کوردستان و چاوی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران بکەوێت.  شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە بایەخەوە لەم سەردانە دەڕوانێت و چاکەکانی پێشووی فڕەنسا بیر دەهێنێتەوە.
 
فڕەنسا یەکێک لەو وڵاتە زلهێزانە بووە کە دۆستایەتیەکەی لەگەڵ کورد بۆ سەردەمانێکی کۆن دەگەڕێتەوە و وڵاتێک بووە کاتێک پاڵپشتی کوردی کردووە کە کورد لێی قەوماوە و ئێستاش کە پێگەی کورد بەهێزتر بووە، ئەو وڵاتە لەسەر دۆستایەتیکردنەکەی بەردەوامە.

تەنیا لە ساڵی 2019 وەزیری دەرەوەی فڕەنسا دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و سەرۆکی ئەو وڵاتەش لە سەردەمی جەنگی داعش چەندین جار لە نزیکەوە بەرەکانی جەنگی بەسەر کردووەتەوە.
تا بەر لە رووخانی رژێمی بەعس، فڕەنسا یەکەم وڵات بووە راستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە
 
 شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ئاماژەی دا پێوەندییەکانی نێوان فڕەنسا و هەرێم لەمێژینەن و تا بەر لە رووخانی رژێمی بەعس، فڕەنسا یەکەم وڵات بووە راستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە و رێککەوتنی لە بواری جیاوازدا لەگەڵ کوردستاندا بەستووە.

وەک زیاتر خستیەڕوو  دوای راپەڕین فڕەنسا بوو داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتیی کرد بە بڕیارێک هەرێمی کوردستان بپاریزرێت و دواتر بڕیاری 688 لێ دەرچوو و کورد لە هێرشەکانی بەعس پارێزرا و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەدواوە بوو.

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر فڕەنسا یەکەم وڵات بوو بە هانای هەرێمی کوردستانەوە هات
جگە لەمە  لە جەنگی داعش فڕۆکەکانی فڕەنسا یارمەتیدەر بوون لە پاراستنی پێشمەرگە و لەناوبردنی داعش و لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەریش فڕەنسا یەکەم وڵات بوو بە هانای هەرێمی کوردستانەوە هات و لەم بارەیەوە هەڵویستی هەبوو.

پێویستە بگوترێ بەر لە سەردانەکەی بۆ هەریم وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە بەغدا لەگەڵ فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان