سەردانەكانی كازمی و پەیامەكانی بۆ تاران و ریاز و واشنتن

:: PM:09:11:15/07/2020 ‌

حكوومەتی مستەفا كازمی لە 7ی ئایاری رابردوو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پێ درا، چەند هەنگاوێكی هاوێشتووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ئاستی ئەو بەرنامە حكوومەتییەی رای گەیاندووە، پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاماژە دەكات كە ئەمەریكا پاڵپشتی تەواوی كازمی دەكات، بەڵام ئەو نایەوێ بكەوێتە ململانێ لەگەڵ ئێران و میلیشیاكانی.
ئەركی كازمی قوڕسە بەڵام ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی دەكات
بەپێی زانیارییەكانی لە میدیاكانی سعوودیە و ئێران بڵاو دەكرێنەوە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیازی سەردانێكی نزیكی چاوەڕوانكراوە بۆ ئەو دوو وڵاتە، جیا لە راگەندراوی پێشتر بەوەی كازمی سەردانی كۆشكی سپی و چەند وڵاتێكی ئەوروپا دەكات، ئەگەرچی وادەی هیچ لەو سەردانانە دیار نییە، بەڵام ئەوەی كۆشكی سپی بۆ سەرپەرشتیكردنی گفتوگۆی ستراتیجییە لەگەڵ ئەمەریكا كە چارەنووسی بوونی سەربازی ئەمەریكی لە عێراق یەكلا دەكاتەوە.

رێبوار بابكەیی، سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" دەڵێت، مستەفا كازمی دوای ململانێیەكی توندی ئەمەریكا و ئێران لە عێراق هاتە دەسەڵات، دوای رووداوێكی گەورە بە كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی، سلێمانی كارەكتەری سەرەكی بوو بۆ جێبەجێكردنی ئەجیندا و ستراتیجیەتی ئێران لە عێراق و رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە پاراستن و فرەوانتركردنی دەسترۆیشتوویی ئێران لە عێراق، دیارە دوای كوژرانی جمودجۆڵی دیپلۆماسی و سیاسی ئێران لە عێراق بەراورد بە پێشتر كەمتر بووە.

زیاتر گوتی، هاتنی كازمی دوای زنجیرەیەك خۆپێشاندانی توند و رەتكردنەوەی چەند راسپاردنێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هات، كاتێك لایەنە شیعەكان گەیشتنە سازان لەسەری، ئێستە ئەركی كازمی یەكجار قوڕسە، لەلایەك گوشارێكی زۆری هێزە شیعەكانی سەر بە ئێرانی لەسەرە، لەبارەی پرسی هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق، بەتایبەتی بابەتی حەشدی شەعبی و هێشتنەوەی چەك بەدەستی ئەوان.

بابەكەیی زیاتر ئاماژەی دا، لەلایەكی تر لەژێر گوشارێكی زۆری ئەمەریكایە، ئەوان گرەو لەسەر كازمی دەكەن كە چەند هەنگاوێك باوێت، لەوانە داماڵینی چەكی نایاسایی و كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و بیكاتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و بتوانێت پێوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمەریكا و ئێران و وڵاتانی ناوچەكە بنیات بنێت، ئەو ئەركەیش یەكجار قوڕسە، ئێستە هەڕەشەی چەند گرووپێكی چەكداری سەر بە ئێران لەسەر كازمی هەیە، بۆیەیەش تێبینی كراوە كە پاسەوانەكانی كازمی، زۆرینەیان ئەمەریكین، واتە خۆیان پاسەوانی كازمی دەكەن.

"كازمی لە سەردانەكانی بۆ دەرەوە هەوڵی بنیاتنانەوەی پێوەندییەكی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دەدات، دەیەوێ پەیامێك بە ئێران بدات ئەوەی حكوومەتی ئێستەی عێراق، دەیەوێ دەوڵەتەكەی خاوەن سەروەری بێت، بڕیاری سیاسی و سەروەری لە دەست حكوومەت بێت، ئیتر ئەو عێراقەی وەك حەوشەی پشتەوەی ئێران بوو، دەبێت كۆتایی بێت، بەڵام بێ ئەوەی بكەوێتە ململانێ لەگەڵ ئێران و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران"، بابكەیی وای گوت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی دەكاتەوە، ئەركی كازمی قوڕسە، بەڵام نابێت لەبیری بكەین كە ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە كازمی دەكات، هاوكات سعوودیە دەیەوێ زوو كازمی رابكێشێت و جارێكی تر عێراق بگەڕێنێتەوە، باوەشی وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی كەنداوی عەرەبی، كازمی سەرۆك وەزیرانی كاتییە و بۆ جێبەجێكردنی چەند خاڵێكی ستراتیجی پێوەست بە دۆخی ناوخۆی عێراق هاتووە، لەوانە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و رەوانەكردنی بودجەی 2020 و رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام ئەو زەوینەی ئەمەریكا بۆی رەخساندووە، پێدەچێت كازمی خواستی زیاتر لەوانەی هەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە لە كۆتادا دووپاتی كردەوە كە وەك دیارە بە هەنگاوەكانی دەیانهاوێت، بەربەستی گەورە دێتە بەردەم كازمی، بەڵام وەك باسمان كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، واتە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریكا، هەموویان لەگەڵ ئەو ئاراستەن كە كازمی لەسەری دەڕوات، بۆیە ئەوانەی پاڵپشتی كازمین لە هەنگاوەكانی زیاترن لەوانەی پێچەوانەی سیاسەتەكانین و دەیانەوێ كێشەی بۆ دروست بكەن لەوانەیش ئێران.

ئەمڕۆ ئاژانسی "ئیرنا"ی فەرمی ئێران بۆ هەواڵەكان ئاماژەی كرد كە مستەفا كازمی بەنیازە لە رۆژان یان هەفتەكانی داهاتوو سێ سەردانی دەرەوەی عێراق ئەنجام بدات، تیایاندا سەردانی تاران و ریاز و واشنتن دەكات، بەڵام سەردانەكەی تاران پێش سەردانی ریاز و واشنتن دەبێت.

لای خۆیەوە قەحتان جەنابی، باڵوێزی عێراق لە سعوودییە ئاشكرای كرد كە لە ماوەیەكی زۆر نزیك مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی سعوودیە دەكات، دووپاتی كردەوە، كازمی سوورە لەسەر سەردانیكردنی ریاز و لەپێشەوەی ئەو وڵاتانە دەبێت سەردانیان دەكات كە چەندان بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل