ڕۆژی سێشه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كاروانێكی سه‌ربازانی ڕووسیا و توركیا له‌سه‌ر ڕێی سه‌ره‌كی حه‌له‌ب – لازقییه كه به ڕێی ئێم 4 ناسراوه له نزیك ئیدلب كرده ئامانج و دواجاریش له‌باره‌ی ئه‌و كرده تیرۆریستییه‌وه، ڕێكخراوێكی تری تیرۆریستی له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له‌و كرده‌یه ڕاگه‌یاند و ئه‌مه‌یش به ڕێكخراوێكی نوێ و تازه‌ی تیرۆریستی له سووریا داده‌نرێت، كه ده‌ست به چالاكییه‌كانی ده‌كات.
له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كه سێ سه‌ربازی ڕووسی برینداربوون و ژماره‌ی زیانه‌كانی سه‌ربازانی توركیایش ڕانه‌گه‌یه‌نراوه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕووسیا له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا دووپاتی كرده‌وه، كه سێ سه‌ربازیان برینداربوون و زیادی مادی تریش به‌ر ئۆتۆمبێلی هێزه‌كانیان كه‌وتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا گرژییه‌كان له نێوان شاره‌دێی ئورم و ئه‌ریحا به‌رده‌وامی هه‌یه كه شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه بووه، هێزه‌كانی ڕووسیا به هه‌لیكۆپته‌ر له ناوچه‌كه سووڕاونه‌ته‌وه و به‌شێكی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یش شوێنه‌كانیان جێهێشتووه و ئاواره‌ی ناوچه‌كانی تر بوون، چونكه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه جه‌نگێكی تر له‌و دوو شاره‌دێیه سه‌رهه‌ڵبدات و سه‌رجه‌میان ببنه قوربانی.
له‌باره‌ی ئه‌نجامده‌ری ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه هیچ زانیارییه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه ئاشكرا نه‌بوو، به‌ڵام دواجار ڕێكخراوێكی تری تیرۆریستی له ڕێی ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌له‌گرامه‌وه، به‌رپرسیاریه‌تی خۆی ڕاگه‌یاند، له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی كرده تیرۆریستییه‌كی له‌گه‌ڵ بڵاو كردووه‌ته‌وه، ڕێكخراوه‌كه نووسیویه‌تی، یه‌كێك له ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌مان كرده‌كه‌ی ئه‌نجام داوه و ئه‌مه‌یش تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه له‌و هێزانه‌ی كه ڕۆژێك دۆستمانن و ڕۆژێكی تر دوژمنی سوورییه‌كان و به به‌رده‌وامی خیانه‌ت له گه‌لی سووریا ده‌كه‌ن. هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كردووه، كه ئه‌م كرده‌وه‌یه سوارچاكێكی ڕێی ئیسلام ئه‌نجامی دا و مێزی دانوستاندنه‌كانی به خوێن و ئاگر و ئاسن له‌گه‌ڵ دوژمنان گؤڕییه‌وه.
به‌رپرسیاریه‌تی خۆیان له ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ڕاگه‌یاند، كه كاروانێكی هێزه‌كانی ڕووسیا و توركیای كرده ئامانج
ئه‌و
ڕێكخراوه تیرۆریستییه ناوی "كه‌تیبه‌كانی خه‌تاب چیچانی"یه و به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و گرووپه هه‌ن، بیر و باوه‌ڕی ئه‌و گرووپه بریتییه له "سه‌له‌فی – جیهادی" ئه‌مه‌یش وایكردووه به ته‌واوی له گرووپه تیرۆریستییه‌كانی تر جیاواز بێت، ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه، كه لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان به ده‌ستوه‌ردانیان و هاتنیان بۆ سووریا دۆخی وڵاته‌كه‌یان به گشتی و ئیدلبیان به ته‌واوی كردووه‌ته ناوچه‌یه‌كی كاره‌ساتبار و ڕێ ناده‌ن كه سوورییه‌كان به ئازادی بژین و به‌رده‌وام بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، خه‌ڵكی وڵاته‌كه ده‌كه‌نه قوربانی و كۆمه‌ڵكوژیان ده‌كه‌ن و ئاواره‌یان ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن، كه سه‌رباز و به‌رپرسانی هاوپه‌یمانان و ڕووس و هه‌موو هێزه بیانییه‌كانی سه‌ر خاكی سووریا ده‌كه‌نه ئامانج، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی گرووپی "پاسه‌وانانی ئایین"ه كه بیر و باوه‌ڕیان له ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیده‌وه وه‌رگرتووه.
حه‌مزه مسته‌فا شاره‌زای سیاسی له‌وباره‌وه گوتی، بوونی ئه‌و ڕووداو و كرده تیرۆریستیانه دژ به كاروانی هاوبه‌شی ڕووسیا و توركیا چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه جیا له ده‌سته‌ی ته‌حریری شام، سه‌رجه‌م گرووپه جیهادی و تیرۆریستییه‌كانی تری سووریا دژی نزیكبوونه‌وه‌ی ڕووسیا و توركیان، له‌و نێوه‌نده‌یش دا ئه‌سه‌د و دیمه‌شق به ته‌واوی نیگه‌رانن و ده‌یانه‌وێ له هێرشه‌كانیان له باشووری ئیدلبه‌وه به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر پێشڕه‌وی كرد و توركه‌كان له‌و ناوچه‌یه به ته‌واوی ده‌ربكه‌ن، به‌ڵام ڕووسیا ده‌یه‌وێ ئارامی له ناوچه‌كه جێگیر ببێ و پشتیوانی ئه‌سه‌د ناكات له پێشڕه‌وی كردن و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه له‌گه‌ڵ توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه.
ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌و ڕێكخراوه له‌لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه كۆمه‌ك بكرێن، چونكه كاره‌كه‌یان به ته‌واوی له به‌رژه‌وه‌ندی ڕژێمی دیمه‌شقه
حه‌مزه مسته‌فا نایشارێته‌وه، كه ئه‌گه‌رێكی تریش هه‌یه، ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه نوێیه، هه‌ر سه‌ر به ئه‌سه‌د بن، دیمه‌شق توانیویه‌تی بچێته نێو گرووپه توندڕۆكان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بیانقۆزێته‌وه، چونكه ئه‌و كرده‌یه‌ی ئه‌نجام درا، به پله‌ی یه‌كه‌م حكوومه‌تی به‌عس لێی سوودمه‌نده. ئه‌گه‌رێكی تریش ئه‌وه‌یه كه ناكۆكی له نێوان گرووپه توندڕۆكانی سووریا به‌رده‌وامی هه‌یه و زیاتر له‌یه‌كتر جیا ده‌بنه‌وه و گرووپ و ده‌سته‌ی تر پێك ده‌هێنن، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌مانه پێویستیان به هاوكاری و مامه‌ڵه‌كردنی لایه‌نی فه‌رمی و حكوومه‌ته‌كانه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خۆیان بژێینن و به‌رده‌وامی به چالاكییه‌كانیان بده‌ن.
ئه‌و شاره‌زایه ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، كه لایه‌نێكی تر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و گرووپه جیابووه‌وه له ڕێكخراوه‌كانی پاسه‌وانانی ئایین و به‌ره‌ی ته‌حریری شام، ده‌یانه‌وێ به‌ناوبانگ بن، بۆیه چالاكی له‌مجۆره‌یان ئه‌نجام داوه، تا وڵاتان حسابیان بۆ بكه‌ن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و به كاریگه‌رتر و به‌هێزتر له گرووپه‌كانی تر هه‌ژماریان بكه‌ن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یش دا، زۆرترین ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌ی ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه توندڕۆیانه تێكه‌ڵ كرد بێ، چونكه ئامانجی ڕێكخراوه‌كه له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ی كه به بۆنه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دوێنێ بڵاویان كردووه‌ته‌وه، به ته‌واوی نزیكه له ئامانجه‌كانی ڕژێمی به‌عس، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ركۆنه‌ی بۆردمان و كاره دڕندانه‌كانی ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌یان نه‌كردووه، كه ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه‌كی تره، كه له‌لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه كۆمه‌ك بكرێن و هان بدرێن، بۆ ئه‌و جۆره چالاكییانه كه له دژی نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری ڕووسیا و توركیا له ئیدلب ئه‌نجامی بده‌ن.