ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە عێراق بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە و پێش چین كەوتەوە، پێشبینی دەكرێ ژمارەی قوربانیانیشی پێش ئەم وڵاتە بكەوێتەوە.
بەگوێرەی
worldometers ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە عێراق گەیشتە 83 هەزار و 867 حاڵەت، لە كاتێكدا لە چین ژمارەكە 83 هەزار و 612 حاڵەت تۆمار كراوە.
چین دەمێكە لەم ژمارەیە جێگیر بووە، بەڵام لە عێراق و زۆربەی وڵاتان بە خێرایی ئامارەكان هەڵدەكشێن. چین كە سەردەمێك بە یەكەم وڵاتی دنیا دەهات لە ژمارەی قوربانیان و تووشبووانی كۆرۆنا، ئێستە لە ریزبەندی 25دا دێت.
پێشبینی دەكرێ هەر یەك لە ئەندەنووسیا، سوید، ئێكوادۆر، بێلاروس و كازاخستانیش پێش چین بكەونەوە كە ئاماری تووشبووانیان لە نێوان 65 هەزار تا 80 هەزار حاڵەتدایە.
لە عێراق ئەگەر دۆخەكە هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ژمارەی قوربانیانیشی پێش چین دەكەوێتەوە.
لە عێراق ئەگەر دۆخەكە هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ژمارەی قوربانیانیشی پێش چین دەكەوێتەوە. لە عێراق سێ هەزار و 432 كەس گیانیان لە دەست داوە، بەڵام لە چین چوار هەزار و 634 كەس بە ڤایرۆسەكە مردوون.
بە گشتی لە هەموو دنیادا 13 ملیۆن و 714 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون و سەرووی 585 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.
ئەمەریكا و بەرازیل و هیندستان لە ریزبەندی یەكەم تا سێیەم هەڵكەوتوون.