وەزارەتی تەندروستی لە سێ سەرچاوە دەرمان دابین دەكات

:: PM:03:31:16/07/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی نەخۆشخانە حكوومییەكان بە دەرمان و پێداوسیتی پزیشكی، پشت بە سێ سەرچاوەی جیاواز دەبەستێت.

یەكەم سەرچاوە بریتییە لەو دەرمانانەی كە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دابینیان دەكات و پشكی هەرێمیان لێ جیا دەكاتەوە.

محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" روونی كردەوە، پێشتر هەرێمی كوردستان لە زۆربەی دەرمانەكان پشكی خۆی هەبوو، بەڵام ئێستە بەم شێوەیە نییە و تەنیا ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشكییانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە دابین دەكرێن كە خۆیان دەگمەنن یان گرانن و بە ئاسانی دابین ناكرێن.

دەرمانی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و دەرمانەكانی پێوەندیدار بە گورچیلەی دەستكرد و خوێن لە عێراقەوە دابین دەكرێن، هەرچەندە لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییە نییە هەرێمی كوردستان هەیەتی. بە گوتەی دكتۆر محەمەد، حكوومەتی عێراقیش خۆی لە دابینكردنی دەرمان كێشەی هەیە، بۆیە كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبووە.

بەشێك لە دەرمانەكان لە كۆمپانیا ناوخۆییەكانیان دەكڕێت
ئەو ئاماژەی دا وەزارەتی تەندروستی حكووومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بەشێك لە دەرمانەكان راستەوخۆ هاوردە دەكات و لە كۆمپانیا جیهانییەكان دەیانكڕێت و بۆ نەخۆشخانەكان دابینیان دەكات، بەشێكی تریش لە دەرمانەكان لە كۆمپانیا ناوخۆییەكانیان دەكڕێت و بەسەر نەخۆشخانەكاندا دابەشی دەكات.

ئەو لەبارەی ئەو دەرمانە نوێیەی ئاوامێدیكا كە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆرۆنا بەكار دەهێنرێت روونی كردەوە، دەرمانەكە پێشتر تاقی كراوەتەوە و كاریگەریی لەسەر باشتركردنی نەخۆشەكان هەیە، چاوەڕوانن بە پێدانی ئەم دەرمانە بە نەخۆشەكان، ماوەی مانەوەی نەخۆشەكان لە نەخۆشخانەكان كورتر ببێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان