بەبڕیارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرپرسی لقی 10 لە سۆران گۆڕا و كەسێكی تر لە شوێنی دەستبەكار دەبێت .
سەرباز بایز بەرپرسی نووسینگەی بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "ئەمڕۆ دووشەم بڕیارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتیمان بە دەست گەیشتووە و بەپێی بڕیارەكە، عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی بەرپرسی لقی 10 گواستراوەتەوە و لە شوێنی ئەو، عەبدولواحید محەمەد رواندزی كارگێڕی لق و بەرپرسی رێكخستنی لق، لەمەودوا وەك بەرپرسی نوێی لقی 10ی سۆران دەستبەكار دەبێت.
عەلی عەونی لە شوێنی پێشووی دکتور عەلی تەتەر دەستبەکار دەبێت
وەك زیاتر خستیەڕوو، عەلی عەونی بەرپرسی پێشووی لقی 10 وەك بەرپرسی لقی هەشتی زاخۆ لە شوێنی دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، دەستبەكار دەبێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون, پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرنامەیدایە لە ماوەیەكی نزیكدا ژمارەیەكی زۆری بەرپرسی حزبی لە دەڤەری سۆران و شار و شارۆكەكانی كوردستان لابدات یا ئاڵوگۆڕیان پێ بكات, پێشبینی ئەنجامدانی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆتایی ئەمساڵ دەكرێت.
سۆران / موڕشید برادۆستی