بڕیاری نوێ‌ بۆ قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكان دەردەچێت

:: AM:09:38:21/07/2020 ‌
بریارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات و كۆمەڵێك ڕێنوێنی و بڕیاری نوێ‌ دەربكات.

ئەمڕۆ سێشەم 21ـی تەمووز، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراون، بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، كۆ ببێـتەوە و كۆمەڵێك بڕیار و ڕێنوێنیی تێدا دەربكرێت.

بەشێوەیەكی گشتی ڕەوشی شارەكان هەڵدەسەنگێنرێت بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە یان هەڵگرتنی هاتوچۆی نێوان شارەكان 
لە زانیارییەكاندا هاتووە، وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری یەك ئیدارییەكان بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن، بەشێوەیەكی گشتی ڕەوشی شارەكان هەڵدەسەنگێنرێت بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە یان هەڵگرتنی هاتوچۆی نێوان شارەكان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كاری پێویستیان هەیە.

محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك وەزارەتی تەندروستی ئێمە لەگەڵ ئەوەداین شوێنەكان كراوەبن، بەڵام ڕێنوێنی خۆپارێزی جێبەجێ‌ بكرێت و بەستنی دەمامك و دەستكێش توند بكرێت.

سەعات 12ـی ئەمشەو كۆتایی بەو وادەیە دێت كە دیاری كراوە بۆ قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكان، چاوەڕوان دەكرێ بڕیارەكانی ئەمڕۆ گۆڕانكاریی تێدا بێت و لە سبەیەوە دەست بكرێ بە جێبەجێكردنیان.



وشە - رامیار جەواد