هەڵەبجە.. هاووڵاتییان دەیان دەفتەر دۆلاریان لە كڕینی تمەن زەرەر كردووە

:: PM:10:29:21/07/2020 ‌

لە پارێزگای هەڵەبجە هاووڵاتییان ڕویان كردووەتە كڕینی تمەنی ئێرانی، ئەوەیش بەهۆی لەدەستدانی بەهاكەی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی، شارەزایانی ئابووری هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدەن لە كڕینی تمەن، چونكە زەرەر دەكەن.
خەڵكەكە چاوەڕوانی گفتوگۆی ئەمەریكا و ئێرانە بۆ بەرزبوونەوەی بەهای تمەن
 سەركۆ یوونس، شارەزایی ئابووری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوەی لە بنەرەتدا تمەنی ئێرانی بەهای راستەقینەی خۆی بەهۆی سزا دارایی و ئابوورییەكانی ئەمەریكا لەدەست داوە، هاتنەناوەوەی تمەن زەرەری دارایی بۆ سەر ئابووری هەرێم و هاووڵاتییان و بازرگانان هەیە.

زیاتر گوتی، هاوردەكردنی دراوی بەها نزم، زیانی بۆ ئابووری هەرێم هەیە، بەتایبەتی ئەگەر ئەم تمەنە زۆرە بۆ مامەڵەی بازرگانی بەكار بێت، ئەوە دووجار لە بەرژەوەندی ئێرانە، لەلایەك كاڵاكانی ساغ دەبنەوە و لەلایەكی تر دۆلار دەچێتە ناو ئەو وڵاتە، بۆیە ئێران ئامانجیەتی دۆلاری زیاتر بخاتە ناو بازاڕەكانییەوە.

 ئەو شارەزا ئابوورییە روونی كردەوە، مەترسی ئەوەیە سەرمایەی نیشتمانی هاووڵاتییان و دارایی هەرێم، كە خۆمان تووشی تەنگژە بووینەتەوە، بە نەرێنی بۆ سەر باری سەرشانی هاووڵاتییانی كوردستان دەشكێتەوە، بۆیە كڕینی تمەن لەم كاتەدا مەترسیدارە و ئەم دراوە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە، گومانیش دەكرێ لە داهاتوویەكی نزیكدا بەهای تمەن بە یەكجاری سفڕ ببێتەوە، كە ئێستە 70%ی بەهاكەی لەدەست داوە.

 لای خۆیەوە پشتیوان شەفیق، خاوەنی نووسینگەیەكی ئالوگۆڕی دراو لە هەڵەبجە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، داواكاریی هاووڵاتییان بۆ كڕینی تمەنی ئێرانی بەردەوامە، بەوانمان گوتووە خۆتان لە كڕینی پارەی ئێرانی بە دوور بگرن، چونكە خەڵكێكی زۆر لەم كڕین و فرۆشتنەی تمەن زەرەری كردووە، تمەن لە پارێزگای سلێمانییەوە دێتە هەڵەبجە و بۆ پارێزگاكانی تریش دەڕوات.

 ئاماژەی كرد، لە پارێزگای هەڵەبجە هاووڵاتیی هەبووە لەم كڕین و فرۆشتنەی تمەن، 15 دەفتەر دۆلاری ئەمەریكی زیانی كردووە، ئێستە زیاتر پاچەكی شین بەكار دەهێندرێت و كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت، هاووڵاتییانیش زیاتر داوای ئەو پاچەكە شینە دەكەن، روونی كردەوە، ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بوو بە دوو ملیۆن و 100 هەزار تمەن، حەواڵەش 100 دۆلار دوو ملیۆن و 250 هەزار تمەن بوو، واتە بەهای تمەن كەمێك بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

 هاووڵاتییان ڕۆژانە تمەن دەكڕن لە بازاڕ، لە 10 ملیۆن تمەنەوە دەست پێ دەكات بۆ 100 ملیۆن تمەن و بەردەوام خواست لەسەر كڕینی هەیە و نرخەكەی جێگیر نییە، هاووڵاتییان بەو هیوایە تمەن دەكڕن، گفتوگۆیەك لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بێتە ئاراوە و نرخی تمەن بەرز ببێتەوە.

 هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل