"زیاترین گەندەڵی لە كەرتی كارەبا لە سەردەمی نووری مالیكی بووە"

:: PM:05:51:23/07/2020 ‌

لەگەڵ هەموو وەرزێكی گەرمادا عێراق تووشی دوو كێشە دەبێتەوە، كەمبوونەوەی كارەبا و زۆربوونی ناڕەزایەتی هاووڵاتییان، هۆكارەكەیشی دووبارە گەندەڵی و خراپیی بەڕێوەبردنە، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە 88%ی خەرجی بۆ كەرتی كارەبا تەرخان كراوە لە سەردەمی نووری مالیكی بووە. 
دەبوو لە 2010 كێشەی كارەبا لە عێراق چارەسەر بووایە
سادق سڵێتی، ئەندامی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی كرد، لە 2005ەوە عێراق بای ئەوەندە كەرەستەی بۆ كەرتی كارەبا كڕیوە، دەتوانرا رۆژانە 22 هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنرێت، بەڵام وەك پێویست كارەكان بەڕێوە نەچوون.   

زیاتر گوتی، چەندان وێستگەی كاركردوو بە گاز هاوردە كران، بۆ وەزرێك و دوو وەرز كاریان كرد و لەكار كەوتن، جیا لەوە عێراق شەش هەزار مێگاواتی بەهۆی كۆنترۆڵكردنی داعش بۆ پارێزگاكانی رۆژئاوا لەدەست دا، هەروەها كاركردنی چەند وێستگەیەكی زیقاڕ بە پاساوی نەبوونی گاز، وەستا. 

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، كۆی ئەو پارەی حكوومەتەكانی ئیبراهیم جەعفەری و حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە كەرتی كارەبا خەرجیان كرد، واتە لە نێوان ساڵانی 2005 دواتر لە 2014 تا 2019، بریتی بووە لە سێ ملیار و 399 ملیۆن دۆلار.

سڵێتی زیاتر دەڵێت، لەوكاتەی حكوومەتی نووری مالیكی لە 2006 تا 2014، بڕی 32 ترلیۆن و 320 ملیار دۆلاری خەرج كردووە، كە دەكاتە 88%ی پارەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكانی كارەبا، بۆیە دەبوایە لەو سەردەمە عێراق پێویستی خۆی لە كارەبا پڕ كردبایەوە، بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 20 هەزار مێگاواتی رۆژانە، بەڵام رووی نەدا. 

شایەنی باسە سێشەمی رابردوو ئەیهەم سامەرایی، وەزیری كارەبا پێشووتری عێراق، داوای كرد كە پێویستە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، ئاخۆ بۆچی پڕۆژەكانی كەرتی كارەبا لە عێراق شكستیان هێناوە؟، ئەگەر كارەكان وەك پێویست بەڕێوە چووبان، لە 2010 كێشەی كارەبا لە عێراق چارەسەر دەبوو.  


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل