گه‌زیزه گه‌ردی ژنه هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی كورد له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا بۆ "وشه"، باس له ئه‌زموونی كاری هونه‌ری خۆی ده‌كات و تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی وای كردووه هونه‌رمه‌ندانی گه‌نج روو بكه‌نه لاساییكردنه‌وه‌ی هونه‌ری رۆژاوایی و ده‌ڵێ، نابێ گله‌یی له‌و نه‌وه نوێیه بكرێت.
گوتنه‌وه‌ی دووباره وه‌ك پۆشاكێكی نوێ ده‌بینم كه به‌به‌ر میلۆدییه‌كه‌دا ده‌كرێ
* زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌ی تا ئێسته بڵاوت كردوونه‌وه گۆرانی كلاسیكی كوردین، به شێوه‌یه‌ك میلۆدییه‌كه‌یت بۆ نوێ كردوونه‌وه، تێڕوانینت بۆ ئه‌و شێوه كاركردنه‌ت چییه و ئایا ئاوازدانه‌رێكی تایبه‌ت ئه‌و بیرۆكانه‌ت پێ ده‌دات یان بژارده‌ی خۆتن؟
- كاتێك قسه له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه یان گوتنه‌وه‌ی دووباره‌ی میلۆدییه‌كی كۆن ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له ئێمه ئایدیا و بۆچوونی جیاوازمان هه‌یه، من گوتنه‌وه‌ی دووباره وه‌ك پۆشاكێكی نوێ ده‌بینم كه به‌به‌ر میلۆدییه‌كه‌دا ده‌كرێ، بۆیه ده‌بێ جیاوازی له‌گه‌ڵ كۆنه‌كه‌دا هه‌بێ و شوناس و زیادكردنی منی پێوه بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌رگێڕانی كاره كۆنه‌كه بێت، ئه‌وا كۆنه‌كه خۆی هه‌یه و جێی گرتووه. بیرۆكه‌ی ئه‌و كارانه‌شم هی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه كاری دانان و دابه‌شكاری موزیكه‌كه‌یان كردووه، هه‌ڵبه‌ت خۆشم به دڵم بوون بۆیه په‌سندم كردوون.
* زۆربه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كانی كوردستان گله‌یی ئه‌وه له نه‌وه‌ی تازه ده‌كه‌ن كه به موزیكی رۆژئاواییه‌وه نووساون و به شێوه‌یه‌كی ناشاره‌زایانه كۆپی ده‌كه‌نه ناو موزیكی كوردی، واتا به شێوه‌یه‌كی ناشاره‌زایانه لاسایی هونه‌ری رۆژئاوایی ده‌كه‌نه‌وه، تێڕوانینت بۆ ئه‌و شێوه كاركردنه چییه؟
- نابێ گله‌یی له‌و نه‌وه نوێیه بكرێ، به‌ڵكو گله‌ییه‌كه ده‌بوو ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌ت و میدیاكه‌ی بكرێ، وه‌ختێ ده‌وڵه‌تی كوردی له ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی خۆی نه‌یتوانیوه پرسی كولتوور و فه‌رهه‌نگ كه ده‌بنه پایه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، بخاته به‌رنامه‌ی كاری خۆی و مایه‌ی بۆ دابنێ، بێگومان هه‌ست و هۆگری ئه‌و نه‌وه نوێیه به‌رانبه‌ر به خاك و هونه‌ری خۆیان به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت و روو ده‌كه‌نه ده‌رگای هونه‌ری بێگانه كه به‌داخه‌وه ئێسته باشووری كوردستان تێیدا بووه‌ته قوربانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت دڵسۆزانه‌تر و به په‌رۆشه‌وه ئاوڕی له هونه‌ر بدایه‌وه و كاری بۆ بكردایه، بۆ نموونه موزیكی كوردی به ئه‌رشیڤ بكردایه، ستایله‌كانی پۆلێن بكردایه و هه‌ر یه‌كه‌ی خستبایه كاته‌گۆری خۆی، ئیتر ئه‌وكات گله‌یی و گازنده‌ش نه‌ده‌بوو، واتا ئه‌وكات ئه‌گه‌ر گه‌نجێك هه‌ر ستایلێكی پێ خۆش بوایه، له یه‌كێك له‌و كاته‌گۆرییانه هه‌ڵیده‌بژارد و كه‌سیش گله‌یی له كه‌س نه‌ده‌كرد. من كۆپیكردنم پێ باش نییه، به‌ڵام كاتێك میلۆدییه‌كی بێگانه كاریگه‌ری له‌سه‌رم هه‌یه، هه‌وڵ ده‌ده‌م به فۆرمێكی نوێتر ئاوێته‌ی تێكستێكی كوردی بكه‌م و بیڵێمه‌وه، نموونه‌ی له‌و جۆره‌مان زۆره له هونه‌رمه‌نده‌كانی پێش خۆمان وه‌ك مامۆستایان ماملێ و حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌و كاره‌یان كردووه.
فلته‌رێكی دروست نییه له جیاكردنه‌وه‌ی كاری باش و كاری خراپ
* كاری هونه‌ری و به‌تایبه‌ت گۆرانیی كوردی له دیاسپۆڕا كارێكی قورسه، هه‌ر له دۆزینه‌وه‌ی ئاوازدانه‌ر هه‌تا گرووپی موزیك و ژه‌نیاران تا به بازاڕكردنی به‌رهه‌م، ئێوه چۆن توانیوتانه سه‌رباری ئه‌و ئاسته‌نگییانه درێژه به كاری هونه‌ریتان بده‌ن؟
- وه‌ك ئاماژه‌ت پێ داوه، كاری هونه‌ری به تایبه‌تیش موزیك و گۆرانی له دیاسپۆرا ئاسته‌نگ و دژواری خۆی هه‌یه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ست رانه‌گه‌یشتن به گرووپی پێویست و كارامه كه كاره‌كان وه‌ك خۆی به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن. به خۆشحاڵییه‌وه من له‌و گرفتانه‌م نه‌بووه به حوكمی ئه‌وه‌ی له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ری هاتوومه دنیاوه، له رۆڵوبه‌رم ژه‌نیار، ئاوازدانه‌ر، نووسه‌ری تێكست، موزیك ئه‌رێنجمێنت و ده‌رهێنه‌ر هه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه كارئاسانی زۆریان بۆ كردووم كه ئه‌ركه‌كانی سه‌ر شانم ته‌واو سووك بێ و به باشترین شێوه كاره هونه‌رییه‌كانم به ئه‌نجام بگه‌یه‌نم.
* هه‌ر كه‌سێك كه به‌ره‌و پیشه‌یه‌ك هه‌نگاو ده‌نێت و ئینتیمای بۆی ده‌بێت، به‌ر له هه‌نگاونانی كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌بێت به نموونه بۆی و ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و كه‌سایه‌تییه، ئێوه چ هونه‌رمه‌ندێكی كورد بوو به‌و سیمبۆله زه‌ینییه و وای كرد به‌هره هونه‌رییه‌كانت له ناخت‌دا بدۆزییه‌وه؟
- وه‌ك ره‌وتێكی سروشتی، به‌شوێنداچوونی هه‌ر كارێك پێوه‌ندی به كاریگه‌رییه‌وه هه‌یه، هونه‌ریش كه پێوه‌ندی به هه‌سته‌وه هه‌یه به‌ده‌ر نییه له‌و بابه‌ته، هه‌ر كه فامم كردووه‌ته‌وه و شته‌كانم لێك جیا كردووه‌ته‌وه، ده‌نگی خۆش كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر من و هه‌ر ئه‌وانه‌ش پاڵنه‌ر بوون كه خۆم له ناو دنیای هونه‌ردا ببینمه‌وه، واته هونه‌رمه‌نده ره‌سه‌ن و دیاره‌كانی موزیكی كوردی هه‌ریه‌كه و به جۆرێ كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر رۆح و هه‌ستی من، زۆر شتی باشیان لێوه فێر بووم و له كاره‌كانمدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه.
* پێت وایه میدیاكانی كوردستان ده‌رهه‌ق به ناساندنی هونه‌رمه‌ندانی كورد دادپه‌روه‌رانه هه‌ڵسوكه‌وتیان كردبێت؟
- میدیا ده‌بێ ئاوێنه‌ی ده‌رخستنی رووی شارستانی لایه‌نه جوانه‌كانی كۆمه‌ڵگا بێت به بێ جیاوازی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له میدیاكانی باشووری كوردستان تێبینی ده‌كرێ بۆ پێشاندانی به‌رهه‌می هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان، ده‌بینی فلته‌رێكی دروست نییه له جیاكردنه‌وه‌ی كاری باش و كاری خراپ، جاری وایه كاری وا له كه‌ناڵه‌كانه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه و رێكلامێكی زۆر گه‌وره‌ی بۆ ده‌كرێ كه ته‌نانه‌ت شیاوی ئه‌وه نییه هه‌ر پێشانیش بدرێت، ئه‌مه له كاتێكدا كه ده‌یان كاری باش هه‌یه به شێوازێكی زۆر جوان كاری بۆ كراوه، كه‌چی میدیای كوردی خۆی لێ وێڵ كردووه و هه‌ر به‌دواداچوونیشی بۆ نه‌كردووه.
* له‌ناو خێزانه‌كه‌تدا كێ هانده‌ر و پاڵپشتت بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌هره هونه‌رییه‌كانت ده‌ربخه‌ی و پشتیوانی كردووی په‌ره به كاری هونه‌رییه‌كانت بده‌ی، رۆڵی خێزان بۆ ژنی كورد چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی و تا چه‌ند پێویسته خێزانی كورد پاڵپشتی كچه‌كانیان بكه‌ن؟
- بنه‌ماڵه هونه‌رییه‌كه‌م واتا "ناوه‌ندی گه‌ردی میدیا" كه له كه‌سوكاره نزیكه‌كانم پێكهاتووه، رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه له گه‌شه‌كردنی مندا و له‌ناو ئه‌وانیش مامی ئازیزم "سمكۆ گه‌ردی" پشكی زۆری به‌ركه‌وتووه. هیوادارم هه‌موو خێزانێكی كورد كه به‌هره‌یه‌ك له رۆڵه‌كانیاندا ده‌بینن به‌وپه‌ڕی تواناوه له پشتیان بوه‌ستن، چونكه ئه‌مه ده‌بێته پاڵپشتییه‌كی باش بۆ به‌ره‌وپێشچوونیان و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كیش لێی سوودمه‌ند ده‌بێ.
گه‌زیزه گه‌ردی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و له باشوور له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ریدا له دایك بووه، خاوه‌نی ئه‌لبوومێكی هونه‌رییه به ناوی "دیدار" كه له شه‌ش تراكی موزیك پێكهاتووه، تا ئێسته دوو تراكی بڵاو كردووه‌ته‌وه و یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی هونه‌ری به موزیك ڤیدیۆی "تاسه" بووه و به‌مدواییانه‌ش موزیك ڤیدیۆی "ره‌ها"ی بڵاو كردووه‌ته‌وه.