بازرگانی بە دەرزییەکی مەترسیدارەوە دەکرێت

:: AM:09:59:28/07/2020 ‌
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بازرگانیی بە جۆرە دەرزییەكە لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، زۆرجار تووشبووانی كۆرۆنا دەكوژێت و لەڕێی تاكسییەوە بە نەخۆش دەگەیەنرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی تەمووز، بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" دەرزی ئەكتێمرا لە سنووری سلێمانی، لەلایەن بازاڕی ئۆنلاین و تاكسی بە تووشبووانی كۆرۆنا دەگات و دەیفرۆشنەوە، ئەگەر بە ئاگاییەوە بەكار نەهێنرێت، نەخۆش دەكوژێت.

لەلایەن چەند پزیشكێك بۆ نەخۆش نووسراوە بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی باری تەندروستییان جێگیر نییە
لە زانیارییەكاندا كە دەستی "وشە" كەوتووە، ئەو دەرزییە دروستكراوی ژاپۆن و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، بۆ كەسانی خوار تەمەن 35 ساڵ لە حاڵەتی مەینی خوێن و تەنەگەنەفەسی بەكار دێت، كەچی لەڕێی ئۆنلاین و بازرگانیی نایاسایی بە تووشبووانی كۆرۆنا دەفرۆشرێت.

ئەو دەرزییە ئێستە لە بازاڕە نایاساییەكاندا نرخی سێ‌ هەزار دۆلارە، لەلایەن چەند پزیشكێك بۆ نەخۆش نووسراوە بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی باری تەندروستییان جێگیر نییە.

ئەو دەرزییە بەشێوەی لێدان لە دەمار بۆ نەخۆش بەكار دێت، ئەگەر نەخۆشەكە نەخۆشیی تری هەبێت، ئەوا ڕاستەوخۆ مەترسی دەكەوێتە سەر گیانی و بە چەند سەعاتێك ئەگەری مردنی هەیە.

سەرچاویەكیش لە وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نابێت ئەو دەرزییە لەلایەن هیچ پزیشكێكەوە بۆ نەخۆشیی كۆرۆنا بەكار بهێنرێت، بەڵكو پزیشكی پسپۆڕ پێویستە ئەو دەرزییە بۆ نەخۆش دیاری بكات.





وشە - رامیار جەواد