دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆری خوێنه‌ران به زمانێكی پاراو و باشتر، ده‌زگای فام له هه‌ولێر كتێبی "ژووری رووداوه‌كان"ی جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بڵاو كرده‌وه.
ئێسته له هه‌ولێر به‌رده‌سته
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 28ی ته‌مووز، ئاشتی شێركۆ به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌ی ئاشتی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "كتێبه‌كه‌ی جۆن بۆڵتن له ژێر ناونیشانی (ژووری ڕووداوه‌كان، یاده‌وه‌رییه‌كان له كۆشكی سپییه‌وه)، له‌لایه‌ن ده‌زگای فام بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه كرایه كوردی و بڵاو كرایه‌وه، ئێسته له شاری هه‌ولێر له خانه‌ی ئاشتی و نووسینگه‌ی ته‌فسیر به‌رده‌سته".
زیاتر گوتی، "ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن پێنج وه‌رگێڕی به‌توانا هاتووه‌ته وه‌رگێڕان، ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له سه‌نگه‌ر حه‌سه‌ن و هاوكار عه‌بدوڵا و بنار جه‌بارو یادگار ئیسماعیل و کاروان حەسەن، هه‌رپێنجیان وه‌رگێڕی وردن و پێشتر كاری جوانیان هه‌بووه، شاره‌زایی باشیان له زمانی ئینگلیزی و دیالێكتیكه‌كانی زمانی ئینگلیزی‌دا هه‌یه، كتێبه‌كه به دوو به‌رگ چاپ كراوه، به‌رگی نه‌رم ئێسته به‌رده‌سته و به‌شێوه‌ی به‌رگی ڕه‌ق دوای جه‌ژن بڵاو ده‌بێته‌وه".
ڕوونی كرده‌وه، "كتێبه‌كه زۆر جیاوازتره و به شێوه‌یه‌كی ورد كراوه‌ته‌وه كوردی، پێكهاتووه له 850 لاپه‌ڕه، نرخی نۆ هه‌زاره، تویته‌كانی جۆن بۆڵتنیشی تێدایه، به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ خوێنه‌ر ده‌توانێ سه‌ردانمان بكات و به شێوه‌ی گه‌یاندنیش به‌رده‌سته".
جۆن بۆلتنی ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ڕۆژی سێشه‌م 23ی حوزه‌یران، كتێبه‌كه‌ی به فه‌رمی بڵاو كرایه‌وه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ببێ به یه‌كێك له پڕفرۆش‌ترین كتێبه‌كانی ساڵ، له ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌دا باس له گفتوگۆ و بۆچوونه‌كانی تره‌مپ و ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی كورده‌وه ده‌كات، تره‌مپ كورده‌كان به گه‌مژه ناو ده‌بات و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه خۆشی ناوێن، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانیش له‌باره‌ی جیاوازی له نێوان كورده‌كانه‌وه گوتوویه‌تی، ته‌نیا ئه‌و كوردانه باشن كه مردوون.