حزبوڵای عێراقی هەڕەشە لە كازمی دەكات

:: PM:08:18:31/07/2020 ‌

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق چەندان هەنگاوی ناوخۆیی و دەرەكی هاوێشت، ئەو دەیەوێ خواستی خۆپێشاندەران جێبەجێ بكات و خۆی لە ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی نزیك بكاتەوە، ئەوانەیش دەیانخاتە رووبەڕووی ئێران و میلیشیاكانی، ئەمڕۆ كەتیبەكانی حزبوڵا هەڕەشەیان لە كازمی كرد.
كازمی و تێوەگلاوان لە سزا رزگاریان نابێت
ئەمڕۆ هەینی یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی تەناهی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە تویتەر نووسیویەتی، جەژنی ئێمە لەو ساتەدا نابێتە جەژن، تەنیا بە تۆڵەسەندنەوەیەكی شایستە لە رووی قەبارە و ناوەڕۆكەوە لە بكوژانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و شەهیدانی قائیم نەبێت.

زیاتر گوتی، ئەوەی ئەوكات گوتمان دووبارەی دەكەینەوە، بەشدارانی ناوخۆیی هەر لە "كازمی ستەمكار"ەوە تا نزمترین پلە، لەوانەی ئاسانكاریان بۆ ئەو تاوانە مێژوویانە كرد، بە هەر شێوەیەك و بە تێپەڕ بوونی كات لە سزا رزگاریان نابێت.

دوای ئەوەی لە 3ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ هەریەك لە قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لە كاتی گەڕانەوەیان لە دیمەشق لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكییەوە كرانە ئامانج و كوژران، حزبوڵای عێراقی، مستەفا كازمی بە تێوەگلان لە كوشتنیان تۆمەتبار دەكات. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل