زانایان: هێشتا زووە باسی دووەم شەپۆلی كۆرۆنا بكرێت

:: PM:10:27:31/07/2020 ‌

 


دوای ئەوەی لە هەشت مانگی رابردوو ڤایرۆسی كۆرۆنا گەورەترین زیانی گیانی و ئابووری لە دنیا دا، زۆرێك لە وڵاتان رێوشوێنەكانیان رووبەڕووبوونەوەی پەتاكەیان سووك كردووە و بەرەو كرانەوە و پێڕەوكردنی تاكپارێزی دەچن، ئەوەیش وای كردووە ژمارەی تووشبووان زیاتر بێت و مشتومڕی وادەی هاتنی دووەم شەپۆلی پەتاكە بێتە ئاراوە. 
پێناسەیەكی زانستی بۆ شەپۆلی دووەم لە دنیای ڤایرۆسەكاندا نییە
سێشەمی رابردوو رێكخراوی تەندروستی جیهانی وریایی دا لە سووككردنی رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، كاتێك مارگرێت هاریس، گوتەبێژ بەناوی رێكخراوەكە گوتی، ئەوەی هەیە شەپۆلێكی گەورەیە و بەرز و نزمی تیادا دەبێت، باشترین شت بكرێت كەمكردنەوەی زیان و بڵاوبوونەوەی پەتاكەیە. 

شارەزا و زانایان لەبارەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەكە بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێكیان پێیان وایە بەرزبوونەوەی ئاستی تووشبوون، واتە هاتنی شەپۆلێكی تر، لەوكاتەی ئەوانیتر دەڵێن، ئەو بابەتە پێوەست نییە بە شەپۆل، بەڵكو بازنەی پشكنینەكان فرەوانتر دەكرێ و ژمارەی تووشبوون زیاتر دەردەكەوێت. 

رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات، هێشتا زووە باسی شەپۆلی دووەم كۆرۆنا بكرێت، چونكە تا ئێستە لە یەكەم شەپۆلین، لۆرین لیبۆرس، زانای ژینگەزانی لە سەنتەری پزیشكی لە زانكۆی ڤاندەر بێڵت، گوتی، تا ئێستە لە یەكەم شەپۆلین و لەگەڵ سووككردنی كۆتەكان، حاڵەتی نوێ دەردەكەوێت، بەڵام ناكرێ وەك هاتنی شەپۆلێكی تری دابنێین. 

تا ئێستە پێناسەیەكی زانستی بۆ شەپۆلی دووەم لە دنیای ڤایرۆسەكاندا نییە، بەڵام ئەوەی باوە بریتییە لە دەركەوتنەوەی تووشبوونی نوێیە بەو ڤایرۆسە، دوای پاشەكشەكردنی تەواوەتی، هەروەها مەبەست لێی دروستبوونی بازدانی نوێیە لە ڤایرۆسەكە كە تووشبوونی نوێ دروست دەكات. 



 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل