وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات بەتەواویی دەستی بەكار كرد

:: PM:11:48:01/08/2020 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ وێستگەی هەڵمی خەبات بەتەواوی كەوتە كار بۆ بەرهەمێهانی كارەبا و ڕۆژانە 20 بۆ 21 سەعات كارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت.

ئەمڕۆ شەموو یەكی ئاب، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا هاتووە، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی ئیشپێكردنی یەكەی دووەمی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردوو بەسەركەوتوویی توانرا وێستگەكە بەتەواویی توانای خۆیەوە بەكاربخرێت.

توانرا بەتێكڕا 20-21 سەعات كارەبا بدرێت بە هاووڵاتییان
ڕوونكراوەتەوە، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان گەیشتە سێ‌ هەزار و 400 مێگاوات بۆ سێ‌ هەزار و 500 مێگاوات، بەم بڕە كارەبایەش  توانرا بەتێكڕا 20-21 سەعات كارەبا بدرێت بە هاووڵاتییان.

 وەزیری كارەبا وێڕای دەستخۆشی لە ستافی لێژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە داواشی لێكردن بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئیشپێكردنی وێستگەكە و سەرجەم فەرمانبەرانی ئیشكگر لە كۆنترۆڵ و وێستگەكان و چاكسازییەكان هەمووان پێكەوە پارێزگاری لەم دەستكەوتە بكەن و كارەبای پێویست بدەنە هاونیشتمانیان.  

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 14ی تەمووزدا لەمەراسیمێكدا وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردەوە و لەقۆناغی یەكەمدا بەتوانای 150 مێگاوات وێستگەكە كاری كرد. ئەم وێستگەیەش جیاوازە لەوێستگەكانی دیكەی كارەبا و بەیەكێك لەپرۆژە گەورەو ستراتیژییەكان دادەنرێت ، كە  بۆ یەكەمینجارە لەسەر ئاستی كوردستان بەتەكنەلۆژیایەكی بەرز لەرێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و لەرووی تێچوونەوە سوودێكی ئابوورییانەی گەورەی هەیە. 



وشە - رامیار جەواد