سۆلاڤ شه‌یدا: هه‌میشه‌ ویستوومه‌ له‌ كاره‌ سه‌خته‌كان رۆڵم هه‌بێت

:: AM:09:15:02/08/2020 ‌

سۆلاڤ شه‌یدا كه‌ له‌دایكبووی شاری سلێمانییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌كته‌ر و ده‌هێنه‌ره‌ چالاك و بوێره‌كان، چ وه‌ك ئه‌كته‌ر و چ وه‌ك ده‌رهێنه‌ریش رۆڵی به‌رچاوی له‌ چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی بواره‌كه‌دا هه‌یه‌. ئه‌و بۆ "وشه‌" ده‌ڵێ، هه‌میشه‌ ویستوویه‌تی له‌ كاره‌ سه‌خته‌كان رۆڵی هه‌بێت، ئه‌و رۆڵانه‌ی كه‌م ئه‌كته‌ر هه‌ن په‌ی پێ ببه‌ن.

سۆلاڤ بۆ "وشه‌" ئاماژه‌ی به‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ ده‌دا كه‌ رۆڵی تێدا بینیون. وه‌ك ده‌رهێنه‌ر و سیناریست له‌ فیلمه‌كانی (داو) و (فرمێسك بۆ تارا) كه‌ هاوكات تێیاندا وه‌ك ئه‌كته‌ریش رۆڵی بینیوه‌. هاوكات له‌ چه‌ندان فیلمی سینه‌مایی و درامادا وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵی بینیوه‌، بۆ نموونه‌ (ژانی گه‌ل) له‌ ده‌رهێنانی جه‌میل رۆسته‌می و (كه‌واته‌ چاوه‌رێ‌ به‌) له‌ ده‌رهێنانی جوان بامه‌ڕنی، (گه‌ره‌كی داهۆڵه‌كان) له‌ ده‌رهێنانی حه‌سه‌ن عه‌لی و فیلمی (سێگۆشه‌ی مه‌رگ) له‌ ده‌رهێنانی عه‌دنان عوسمان.

زیاتر ده‌ڵێ له‌ فیلمی (تاقیكردنه‌وه‌) له‌ ده‌رهێنانی شه‌وكه‌ت ئه‌میندا رۆڵی هه‌بووه‌. هاوكات ئاماژه‌ به‌ چه‌ندان كاری تر ده‌كات وه‌ك كورته‌ فیلمی (سۆما) و كورته‌ فیلمی (ده‌نگدان) و كورته‌ فیلمی (مایكرۆفۆن) و كورته‌ فیلمی (ماره‌به‌جاش) و زۆری تر. ئێسته‌یش له‌ درامای (به‌خته‌باران) له‌ ده‌رهێنانی دكتۆر نیاز له‌تیف رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت.  

سۆلاڤ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هه‌میشه‌ حه‌زی به‌كاركردنه‌ له‌ كاره‌ سه‌خته‌كان، ئه‌و رۆڵانه‌ی كه‌م كه‌س له‌ بواره‌كه‌دا هه‌ن به‌ئاسانی خۆیانی لێ بده‌ن، بۆیه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ زۆربه‌ی رۆڵه‌كانیش كه‌ بینیونی، سه‌خت بوون.

زیاتر ده‌ڵێ ئه‌و رۆڵانه‌م پێ خۆشه‌ كه‌ بوێری و تازه‌گه‌رییان تێدا بێت، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دا كه‌ سه‌رسامه‌ به‌  رۆڵی ژنه‌ چایچییه‌كه‌ له‌ فیلمی (ژانی گه‌ل) له‌ ده‌رهێنانی جه‌میلی رۆسته‌می. 

له‌و كارانه‌ی خۆی وه‌ك ده‌رهێنه‌ر كاری تێیاندا كردووه‌، كورته‌ فیلمی (فرمێسك بۆ تارا) زۆر ئه‌سته‌م بووه‌، چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ مرۆڤێكی نێره‌مووك ده‌كات، ئه‌ویش رۆڵی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی بینی، بۆیه‌ ئه‌و رۆڵه‌ بۆ ئه‌و و له‌ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا جۆرێك ریسكی تێدا بوو. 

سۆلاڤ شه‌یدا له‌باره‌ی رۆڵی ژنان له‌ بواری هونه‌ریدا ده‌ڵێت، هاتنی ژنان بۆ ناو بواری هونه‌ری خۆی ئاسان نییه‌ و بوێریی ده‌وێ، به‌ڵام پێویسته‌ ژنان ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ تێكبشكێنن و نه‌هێڵن هیچ هۆكارێك هه‌بێت بۆ وه‌ستاندنی ژنان.

سۆلاڤ له‌رێی فیلمه‌كانی به‌شداری له‌ چه‌ندان فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ و خاوه‌نی چه‌ند خه‌ڵاتێكیشه‌. وه‌ك خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ كورته‌ فیلمی (فرمێسك بۆ تارا) له‌ فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی، خه‌ڵاتی لاوی ساڵ له‌لایه‌ن سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و خه‌ڵاتی رێزلێنانی بابیلۆن له‌ فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی و زۆری تر.






وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

ئه‌م بابه‌ته 318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌