داعش هێرشی کردە سەر گرتووخانەیەک و 700 کەس رایان کرد

:: AM:11:35:03/08/2020 ‌
درەنگانی شەوی رابردوو داعش لە نزیک گرتووخانەی جەلال ئابادی نەنگرهارد تەقینەوەیەکی ئەنجام دا و دواتر هێرشی کردە سەر ئەو گرتووخانەیە.
زیاتر لە 300 گیراوی داعش لەناو ئەو گرتووخانەیە بوون

ئەمڕۆ دووشەم سێی ئاب، ئاژانسی هەواڵی دویچەڤێلە بڵاوی کردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو زیاد لە 20 چەکدار هێرشیان کردە سەر گرتووخانەی جەلال ئاباد لە ویلایەتی نەنگرهاردی ئەفغانستان.

زیاتر روون کراوەتەوە، بەهۆی ئەو هێرشەوە زیاد لە 42 کەس بریندار بوون و 20 کەسیش گیانیان لەدەست دا، هەرچەند پێشتر بۆمبێکی چێندراویان لە بەردەم گرتووخانەکە تەقاندبۆوە و زۆربەی قوربانییەکان بەهۆی ئەو تەقینەوە بریندار بوون.

بەرپرسانی گرتووخانەکە رایان گەیاندووە، کۆی ئەو گیراوانەی لەناو گرتووخانەی جەلال ئابادن، هەزار و 500 کەسن و لەو ژمارەیە نزیکەی 700 گیراو توانیویانە رابکەن.

لەو گرتووخانەیەدا زیاتر لە 300 گیراوی داعش هەبوون و دیار نییە چەند لەو ژمارەیە توانیویانە راکەن، بەیانی ئەمڕۆ گروپی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

ئەو رووداوە دوای ئەوە دێت کە ماوەی سێ رۆژە ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی تالیبان و حکوومەتی ئەفغانستان راگەیەنراوە و گروپی تالیبان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، ئەوان هیچ پێوەندییەکیان بەو هێرشەوە نییە.



وشە - هیدایه‌ت جان