سبەی بڕیاری نوێ‌ بۆ کەرتی تەندروستی دەردەچێت

:: PM:01:40:04/08/2020 ‌
پزیشكێك ئاشكرای دەكات داخستنی نۆڕینگە پزیشكییەكان وا دەكات گوشارەكان لەسەر نەخۆشخانە حكوومییەكان زیاتر بێت و سبەی كۆبوونەوە لە نێوان سەندیكای پزیشكان و وەزارەتی تەندروستی بەڕێوە دەچێت بۆ بڕیاری نوێ‌.

ئەمڕۆ سیشەم چواری ئاب، ڕێبوار قەسرۆكی پزیشكی ددان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەی كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكان بەڕێوە بچێت بۆ كردنەوەی نۆڕینگە پزیشكییەكان.

بۆیە سبەی بڕیاری نوێ‌ دەردەچێت
باسی لەوەش كرد، بەداخستنی نۆڕینگەكان گوشارێكی زۆر لەسەر ناوەندە حكوومییەكان دروست دەبێت، ئەوەیش وادەكات نەتوانرێ بە تەواوەتی ڕەوشەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، بۆیە سبەی بڕیاری نوێ‌ دەردەچێت.

لە ئاگەدارییەكی سەندیكای پزیشكانی ددان لقی هەولێردا هاتووە، پزیشكانی ددان لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاگەدار دەكەینەوە كە لەبارەی بڕیاری حكوومەت بە داخستنی نۆڕینگەكان، سەعات 12ـی شەو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو سەندیكایە ڕای گەیاندووە، بەیانی لەسەر داوای وەزارەت كۆبوونەوەیەك دەكرێت لەگەڵ  ئەنجوومەنی باڵای سەندیكا بەمەبەستی پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی بڕیارەكە كە بێ گەڕانەوە بۆ سەندیكاكەمان درابوو. 

دوێنێ‌ لە كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی، كۆمەڵێك بڕیاری نوێ دەركرا، یەكێك لە بڕیارەكان بریتی بوو لە داخستنی سەرجەم ناوەندە پزیشكی و نۆڕینگەكان.



وشە - رامیار جەواد