لە چەند رۆژی رابردوودا بازرگانان و وەبەرهێنەران چاویان لەوە بوو بەهای زێڕ جگەلە شكاندنی ژمارەی پێوانەیی لە مێژوودا، ژمارەیەكی جوان تۆمار بكات و بۆ یەكەم جار دوو هەزار دۆلار تێپەڕێنێت و دواجار ئەم ویستە بەدی هات.
ئەمڕۆ چوارشەم بۆ یەكەم جار دوو هەزار و 20 دۆلاری تێپەڕاند و بە دوو هەزار و 30 دۆلار دەفرۆشرێت كە هاوتایە لەگەڵ ژمارەی ساڵەكە و لەوەتەی كانزای زێڕ هەیە، بەو نرخە بەرزە نەفرۆشراوە.
بەگوێرەی
goldprice پێشتر بەرزترین نرخی ئۆنسی زێڕ لە ساڵی 2011 بە هەزار و 921 دۆلار فرۆشراوە. پێش جەژنی قوربان بەهای زێڕ دواین ژمارەی پێوانەیی شكاندبوو.
زێڕی 21 عەیار بە 354 هەزار دینارە
كارزان وەفیق زێڕنگر و بریكاری كۆمپانیای krnb بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە رابردوودا هیچ كاتێك بەم نرخە بەرزە زێڕ نەفرۆشراوە و ئێستە هەر ئۆنسێكی زێڕی 24 عەیار بە 405 هەزار دینار، زێڕی 21 عەیار بە 354 هەزار دینار و زێڕی 18 عەیاریش بە 305 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
بەگوتەی ئەو زێڕنگرە ئەوەندەی هاووڵاتییان زێڕ دەفرۆشن زێڕ ناكڕن، چونكە توانای دارایی خەڵك بە گشتی باش نییە و بەهای زێڕ بەرزە، ئەوانەی زێڕیان هەیە دەیانەوێ سوودی مادی لە زێڕەكەیان وەربگرن.
لەژێر كاریگەریی دەرهاویشتەكانی كۆرۆنا گەشەی ئابووری زۆربەی وڵاتان پاشەكشەی كردووە، بۆیەش وەبەرهێنەران زیاتر وەبەرهێنان لە كڕینی زێڕدا دەكەن و هەر كاڵایەكیش داخوازی زۆری لەسەر بوو ئەوا نرخەكەی بەرز دەبێتەوە.
لە كۆتایی ساڵی 2015 بەهای زێڕ تا هەزار و 50 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێك دابەزی، بەڵام لەو كاتەوە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
سەرەتای ئەمسال نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ هەزار و 500 دۆلار بووە
سەرەتای ئەمسال نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ هەزار و 500 دۆلار بووە و لەو كاتەوە 400 دۆلار هاتووەتە سەر نرخی هەر ئۆنسێكی زێڕ.
زێڕ ئەو كاڵا بەنرخەیە كە لە هەموو سەردەمێك بەهای تایبەتی خۆی هەبووە و ئەوەی خاوەنی ئەم كانزایە بووە، توانای ئابووری و توانای كڕین یان ئاڵوگۆڕی كاڵاشی بەرز بووە. سەردەمانێك كە دراو خۆی لە زێڕ دروست دەكرا، ئێستە دراو لە زێڕ دروست ناكرێ، بەڵام بەهاكەی گرێ دراوە بەو پشتیوانییەی زێر لێی دەكات و لە یەدەگی وڵاتەكە دەپارێزرێت.