بەشێك لە هاووڵاتییانی كوردستان بۆ چارەسەرە دەروونییەكان یۆگا دەكەن

:: PM:03:45:05/08/2020 ‌
یۆگا وەرزشێكی رۆحی و جەستەیی كۆنە، بەڵام لە كوردستان نوێیە و رۆژ بە رۆژ خەڵكی زیاتر لە دەوری خۆی كۆ دەكاتەوە. لەم رۆژانەدا كە كۆمەڵێك تەنگژە بەسەریەكدا كەڵەكە بوون، لەوانەیە یۆگا لە قورساییان كەم بكاتەوە.

یۆگا پێوەندییەكە لە نێوان جەستەی فیزیكی و ڕۆحدا، ئەسڵی وشەی یۆگا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی هیندی سانسكریتی بە مانای یەكبوون دێت، یەكبوون لەگەڵ ئەو وزە شاراوەیەی لە ناوماندا بوونی هەیە، نزیك پێش پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر بوونی هەبووە ڕەنگە ئەسڵی مرۆڤ یۆگی بووبێت، بەڵام كاتێك  لەم رێیەدا بەردەوام دەبیت رۆژ بە رۆژ هەست بە هەبوونی خۆت دەكەیت لەم گەردوونەدا و دەگەیت بە تێگەیشتنێك كە تۆ جیاواز نیت لە گەردوون.
یۆگا ئیش لەسەر ئەقڵ و دەروونیش دەكات

یۆگا ئیش لەسەر ئەقڵ و دەروونیش دەكات، چونكە كێشە دەروونییەكانیش بەشێكن لە ماندووبوونی مێشك. 

میران شیروان لەتیف ڕاهێنەری یۆگا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕێی یۆگاوە مێدیتەیشن و راهێنانی هەناسە چارەسەر دەكرێن و ئارامی و خۆشبەختی دەگەڕێنەوە و كاریگەری لەسەر ژیانی كەسەكە دروست دەكات، بەشێكی خەڵك دەڵێن یۆگا حەرامە، بەڵگەشیان بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە كە مێژووی یۆگا دەگەڕێتەوە بۆ هیندستان و دەكرێت وەك ئاینێكی هیندی لێی بڕوانن.

بەگوتەی ئەو راهێنەرە زۆرینەی ئەوانەی یۆگا بە حەرام دەزانن، خۆیان لە نائارامیدا دەژین و دواجار دەبێت یۆگا بكەن بۆ ئارامبوونەوەیان، یۆگا هیچ پێوەندییەكی بە ئاین و ڕەگەزەوە نییە، ڕێیەكی زانستییە بۆ خۆناسین، زۆر كەس هەن ئێستە یۆگا دەكەن باشتر خوا دەپەرستن و لە كاتی نوێژدا خەیاڵیان پەرت و بڵاو نابێت.

وەك زیاتر خستیەڕوو لە یۆگادا حەوت مۆڵگەی وزە هەن پێی دەگوترێت چاكرا Chakra ، لەگەڵ ئەنجامدانی یۆگا هێواش هێواش چاكراكان خاوێن دەبنەوە و هێزی كۆندالینی بەخەبەر دێت كۆندالینی هێزێكی بەهێزی شاراوەی مرۆڤە، جووڵەكانی یۆگا بە ئاسانی ئەنجام نادرێن.

میران دەڵێت "یۆگا ڕۆحییە، بۆ بوون بە یۆگی قوربانی پێویستە، مرۆڤایەتی دەوێت، ئاژەڵدۆستی دەوێت،  یۆگی نابێت ڕق و ركابەری هەبێت، یۆگی نابێ هەستی ئازاردانی هەبێت، یۆگی ئەبێت عاشق بێت، دەبێت هەستی جودایی و ئیگۆ لە ناخیدا نەبێت، یۆگا هەیە و یۆگی هەیە هیچ كەسێك مامۆستا نییە لە یۆگادا ڕێزی مامۆستایەتی هەیە بۆ ئەو یۆگییەی خۆی بە مامۆستا نازانێت. یۆگا ئەزموونی دەوێت. ئەنجامدانی  پێویستی بە كات  و شوێنی دیاریكراو هەیە چ كاتێك پێویستە كەسێك یۆگا بكات."

باشترین شوێن بۆ یۆگا ناو سروشت و سەوزایی و بەرزایی شاخەكانە
باشترین شوێن بۆ یۆگا ناو سروشت و سەوزایی و بەرزایی شاخەكانە، خۆ ئەگەر سروشت نەگونجا دەتوانرێت لە هەر شوێنێكی بێدەنگدا ئەنجام بدرێت، باشترین كات بەیانیانە لە كاتی خۆرهەڵاتن لەگەڵ كاتی خۆرئاوابوون.

هاوكات ئاڤێستا عەبدوڵا وەك ژنێك كە یۆگا دەكات بۆ "وشە" گوتی، یۆگا ئەو پێوەندییە ڕۆحییەیە كە لە سەرووی زانستەوەیە و جۆرە كارێك كە یۆگا بۆ ئینسانەكانی دەكات، ڕەنگە مەحاڵ بێت هەر قوتابخانە و زانكۆ و فەلسەفە و زانست و ئاینێك ئەو كارە بۆ ئینسانەكان بكات، گەیەنەری ئینسانە بەو شتەی پێی دەڵێن براوەی ڕاستەقینە بەو شتەی پێی دەڵێن خۆشبەختی خلودیی، بەو شتەی پێی دەڵێن ئاسوودەیی ناكۆتا، تەنیا ئەو ئینسانانە لە یۆگا دەگەن كە توانیویانە پێوەندییە ڕۆحییەكانیان لەگەڵ سروشت و لەگەڵ ئاوازە دوورەكانی سەروو ئاسمانەكان و خەیاڵە جوانە ئەفسووناوییەكانی هێنانە ناو باری واقیع بگونجێنن.

ئەو روونی كردەوە یۆگا گەورەترین زانستی ئاسوودەیی و گەورەترین زانكۆی خۆشبەختی و گەورەترین بەهەشتی ناو ناخی مرۆڤەكانە، بۆیە هەر مرۆڤێك بۆ پشووی ڕۆحی بۆ ئارامیی جەستەیی، بۆ ئاسوودەیی دڵی پێویستی بەوە هەیە لە ڕێی یۆگاوە سەفەری خۆی بكات.

بۆ دوو ھۆی سەرەكی یۆگا دەكەم، یەكەم ئارامی مێشك و دەروون، دووەم ساغی و تەندروستی و رێكوپێكبوونی جەستەم
لەلایەكی ترەوە پەرەنگ جەھانی كە وەك ژنێك یۆگا دەكات بۆ "وشە" گوتی، "من بۆ دوو ھۆی سەرەكی یۆگا دەكەم،
یەكەم ئارامی مێشك و دەروون، دووەم ساغی و تەندروستی و رێكوپێكبوونی جەستەم."

ئەو پاساو بۆ ئەم كارەی دێنێتەوە و روونی دەكاتەوە، بە ھۆی بارودۆخی خراپی ئابووری و سیاسی و پەتای كۆرۆنا خەم و قورسایی زۆر بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنیش تووشی دڵەڕاوكێ و گوشاری دەروونی دەبێ، یۆگا وەك دایكێكی زانا و میھرەبان دەیلاوێنێتەوە و خەمەكانی ژیانی بۆ سووكتر دەكات، مێشكی ئارام  دەكاتەوە و ئاسوودەی پێ  دەبەخشێت، ھەرەھا بۆ نەخۆشییەكانی وەك كۆڵۆن و ژانەسەر و ئازاری شان و مل و ژانی سووڕی مانگانە و ئیشی بڕبڕەی پشت و زۆر نەخۆشی تر سوودی هەیە، هەروەها كێشێكی گونجاو و رووخسارێكی جوانت پێ دەبەخشێت، كەواتە یۆگا بووەتە چارەسەری باری دەروونی و جەستەیی.

وشە/ پەریهان عومەر



وشە - سلێمان تاشان