ئاماری قوربانیانی تەقینەوەكەی بەیرووت روو لە هەڵكشانە

:: PM:09:29:05/08/2020 ‌

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ تەقینەوەیەكی گەورە بەندەری بەیرووتی پایەتەختی لبنانی هەژاند، وەزیری تەندروستی لبنان رای گەیاند كە ئاماری قوربانیانی تەقینەوەكە گەیشتووەتە 135 كوژرا و پێنج هەزار بریندار.
66 ملیۆن دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەكە تەرخان دەكرێت
حەسەن حەمەد، وەزیری تەندروستی لبنان رای گەیاند كە ئاماری قوربانیانی تەقینەوەكە گەیشتووەتە 135 كوژرا و پێنج هەزار بریندار، تا ئێستە دەیان كەس چارەنووسیان دیار نییە و هەزارانیش دەربەدەرن، لەوكاتەی بەیانی ئەمڕۆ بەپێی ئاماری رێكخراوی خاچی سوور ژمارەی كوژراوان 100 كەس و برینداران چوار هەزار كەس بوو.

ئەمڕۆ چوارشەم حكوومەتی لبنان تێچووی چارەسەركردنی بریندارانی تەقینەوەكەی گرتە ئەستۆی خۆی، جیا لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری مردووان بەهۆی رووداوەكە، كە دواتر بەهاكەی دیاری دەكرێت، لەوكاتەی ئەنجوومەنی وەزیرانی لبنان 100 ملیار لیرەی لبنانی (66 ملیۆن دۆلار)، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەكە تەرخان كرد، هاوكات حكوومەت باری نائاسایی بۆ دوو هەفتە راگەیاند و ئەركی كۆنتڕۆلكردنی ئاسایشی پایەتەختی بە سوپا سپارد.

لەوكاتەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆی نێودەوڵەتی لە تەقینەوەكە كرد، جولی فیرهار، ئەمینداری گشتی رێكخراوەكە، گوتی، دیمەنەكانی دوای تەقینەوەكە بۆ وڵاتێك لە بنەڕەتدا لە نەهامەتیدایە، زۆر كاریگەر بوون، هۆكاری تەقینەوەكە هەرچییەك بێت، لەوانەیش ئەمباركردنی بڕێكی زۆر لە مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بە شێوەیەكی نەپارێزراو، رێكخراوەكە داوای میكانیزمێكی نێودەوڵەتی دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لەو تەقینەوەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل