به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی تا ئێسته بڵاوكراونه‌ته‌وه، ته‌قینه‌وه گه‌وره و كاره‌ساتباره‌كه‌ی ئێواره‌ی سێشه‌م له ئه‌نجامی گڕگرتن و ته‌قینی دوو هه‌زار و 700 تۆن له ماده‌ی نیترانی ئه‌مۆنیۆم بووه، ئه‌و ماده كیمیایییه چییه و بۆچی هێنده ترسناكه و نیوه‌ی به‌یرووتی كرد به وێرانه، بۆ زانینی كاریگه‌ری و پێكهاته‌ی ئه‌و ماده كیمیایییه له خواره‌وه زانیاری ورد ده‌خه‌ینه ڕوو.
ئاماره‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، كه تا ئێسته به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یرووت 135 كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه و پێنج هه‌زاری تریش برینداربوون، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای قووڵكردنی كۆگه‌ی هه‌ڵگرتنی نیتراتی ئه‌مۆنیۆم به جۆرێك كه ده‌ریا هاتووه‌ته شوێنه‌كه‌وه و بووه‌ته چاڵێكی گه‌وره، ئه‌و ماده‌یه كه وه‌ك په‌ینی كیمیایییش كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێت، بۆچی به‌مشێوه‌یه گڕی گرت و ته‌قییه‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زانیاری و خوێندنه‌وه‌ی جیا جیا بۆ ته‌قینه‌وه‌كه ده‌كرێ و به‌شێك له‌و بڕوایه‌دان كه هۆی ته‌قینه‌وه‌كه بریتییه له بۆردمانكردنی كۆگه‌ی نیتراتی ئه‌مۆنیۆم له به‌نده‌ره‌كه‌ی به‌یرووت، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئیسرائیله‌وه، چونكه ئه‌و بڕه زۆره‌ی نیتراتی ئه‌مۆنیم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به كه‌شتییه‌ك له جۆرجیاوه بۆ حزبوڵای لبنانی ڕه‌وانه كراوه، تا له كرده‌ی تیرۆریستی سوودی لێ وه‌ربگرێت، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێ، نهێنی گڕگرتن و ته‌قینه‌وه‌ی كۆگه‌كه به شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی 100% یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه.
نیتراتی ئه‌مۆنیۆم بریتییه له ماده‌یه‌كی كیمیایی بلووری سپی، به "خوێی به‌ردینی"ش ناوده‌برێ و ناوی له زانستی كیمیا به NH4NO3 يه، گه‌وره‌ترین كۆگه‌ی هه‌ڵگرتنی ئه‌و ماده كیمیاییه له جیهان له بیابانی "ئه‌تاكاما"ی وڵاتی چیلییه، به‌شێوه‌یه‌كی 100% ئه‌و ماده كیمیاییه بۆ بواری پیشه‌سازی و كشتوكاڵ كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ده‌یشتوانرێ وه‌ك بۆمبێكی ترسناك و كاره‌ساتبار به‌كاربهێنرێت، به‌هۆی كارلێكی ئامۆنیا له‌گه‌ڵ ترشی نیتریك.
ده‌توانرێ وه‌كو بۆمبێكی ئه‌تۆمی و بوومه‌له‌رزه كاریگه‌ری دروست بكات
له ڕووی به‌كارهێنانه‌وه به پله‌ی یه‌كه‌م
نیتراتی ئه‌مۆنیۆم وه‌ك په‌ینی كشتوكاڵ به‌كارده‌هێنرێت، به‌هۆی به‌رزی ڕێژه‌ی نایترۆجین له پێكهاته‌كه‌ی دا، ئاسانی ئاماده‌كردن و ده‌سته‌به‌ركردنی بۆ كێڵگه‌كانی كشتوكاڵ و هه‌رزانی نرخه‌كه‌ی، كه یاریده‌ده‌رێكی به‌هێزه بۆ گه‌شه‌ی ڕووه‌ك و به‌روبوومه‌كانی كشتوكاڵ.
جیا له‌وه‌یش نیتراتی ئه‌مۆنیۆم پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كییه له جۆره ماده‌یه‌كی سووتێنه‌ری ترسناك كه به ANFO ناوده‌برێ، وه‌ك ماده‌یه‌كی ته‌قه‌مه‌نی ده‌توانرێ به‌كاربهێنرێ و به ڕێژه‌ی 80%ی ته‌قه‌مه‌نی ده‌ستكردنی گرووپ و كارگه بچووكه‌كان له ڕێی ئه‌و ماده سووتێنه‌ر و ترسناكه‌وه ئاماده ده‌كرێ، كه نیتراتی ئه‌مۆنیا پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیه‌تی.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نیتراتی ئه‌مۆنیا ماده‌یه‌كی ترسناك و كاره‌ساتبار نییه، به‌ڵام له چه‌ند دۆخێك‌دا نه‌بێ، كه ده‌بێ به بۆمبێكی ترسناك و گه‌وره كه كاریگه‌ری بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی ده‌بێ، ئه‌گه‌ر هاتوو بڕه‌كه‌ی زۆر و گه‌وره بێت. كۆمه‌ڵێك هۆكار و دۆخی جیا جیا هه‌ن كه نیتراتی ئه‌مۆنیا له ماده‌یه‌كی ئاسایی و په‌ینێكی كشتوكاڵییه‌وه، بۆ ماده‌یه‌كی ته‌قه‌مه‌نی ترسناك ده‌گۆڕن.
خێرا گه‌رم ده‌بێ و گڕ دروست ده‌كات و له‌گه‌ڵ گازه‌كانی هه‌وا یه‌ك ده‌گرێ و ده‌ته‌قێته‌وه
ئه‌و ماده‌یه به یه‌كێك له ماده زیندووه‌كان داده‌نرێ، چونكه گه‌رمی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و به شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ر گه‌رمی بڵاو ده‌كاته‌وه و كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ببێته سووتێنه‌ر، ئه‌گه‌ر بڕێكی زۆر نیتراتی ئه‌مۆنیۆم تێكه‌ڵی یه‌كتر ببێ، ده‌توانرێ گه‌رمییه‌كی هێنده زۆر دروست بكات، كه ببێته هۆی دروستبوونی ئاگر و ته‌قینه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنه‌ی كه تێیدا هه‌ڵگیراوه، ئه‌م گه‌رمی و گڕگرتنه‌یش خۆكارانه دروست ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به هیچ ماده و كردارێكی تر هه‌بێت.
له‌گه‌ڵ گڕگرتن و گه‌رمبوونی نیتراتی ئه‌مۆنیۆم گۆڕانكاری له پێكهاته كیمیاییه‌كه‌ی دروست ده‌بێ و ده‌بێته هۆی دروستبوونی ئۆكسجین، به‌مه‌یش ژینگه‌یه‌كی گونجاو بۆ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی خێرای ئاگره‌كه دروست ده‌كات، كاتێك پله‌ی گه‌رمی و گڕه‌كه به‌رزتر و فره‌وانتر ده‌بن، دواجار هاوشێوه‌ی بۆمبێكی ترسناكی لێ دێ و به ئاسمان دا ده‌ته‌قێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی كارلێك له‌گه‌ڵ گازه‌كانی تری كه‌ش دروست ده‌كات و كاریگه‌رییه‌كی زۆر فره‌وانتر و گه‌وره‌تر ده‌بێ و هاوشێوه‌ی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی لێ دێ، ده‌نگێكی یه‌كجار مه‌زن و له‌رینه‌وه‌ی زۆر دروست ده‌كات و ده‌بێته هۆی دروستبوونی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی بكوژ و وێرانكه‌ر.
به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه ئه‌و ماده كیمیایییه هه‌یه‌تی، زۆرینه‌ی ڕه‌های وڵاتانی دنیا، نیتراتی ئه‌مۆنیۆم به كه‌می ده‌خه‌نه بازاڕه‌وه و به وردیش به دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن، كه بۆ مه‌به‌ستی كشتوكاڵی و وه‌ك په‌یین به‌كاربهێنرێت، چونكه گرووپه تیرۆریستی و شه‌ڕكه‌ره‌كان، به به‌رده‌وامی به دوای ئه‌و جۆره ماده‌یه‌وه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆمبی لێ دروست بكه‌ن و له كرده‌ی تیرۆریستی و شه‌ڕه‌كان سوودی لێ وه‌ربگرن.
بۆ یه‌كه‌مجار سوپای كۆماری ئیرله‌ندا دژی به‌ریتانیا ئه‌و جۆره ماده‌یه‌ی وه‌كو بۆمب به‌كارهێنا، دواتریش له له‌نده‌ن ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یان به نیتراتی ئه‌مۆنیۆم ئه‌نجام دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له نیسان/ئه‌پریلی 1995 له شاری ئۆكلاهۆمای ئه‌مه‌ریكا باڵه‌خانه‌یه‌كی پێ ته‌قێنرایه‌وه كه بووه هۆی گیان له ده‌ستدانی 168 كه‌س.