هێزی تەقینەوەكەی بەیرووت 10%ی تەقینەوەی ئەتۆمیی هێرۆشیمایە

:: AM:10:39:06/08/2020 ‌
پسپۆڕانی لەرزەناسی خەمڵاندنیان بۆ هێزی تەقینەوەكەی رۆژی سێشەمی بەیرووت كردووە و گوتوویانە، هاوتا بووە لەگەڵ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.3 پلە بە پێوانەی ریختەر و یەك لەسەر 10ی هێزی ئەو تەقینەوەیەی هەبووە كە لە جەنگی دووەمی جیهانیی ئەمەریكا دژی ژاپۆن لە شاری هێرۆشیما بەكاری هێنا.

لێكۆڵەرەوانی زانكۆی شفیڵدی بەریتانیا، لە لێكۆڵینەوەكەیاندا هێزی تەقینەوەكەیان بە هەزار تا هەزار و 500 تۆن TNT هەژمار كردووە. 

وەك میدیاكانی لبنان باسیان كردووە، لە تەقینەوەكەی رۆژی سێشەم كۆگای نیتراتی ئامونیۆم تەقیوەتەوە كە دوو هەزار و 750 تۆن نیتراتی ئامونیۆمی لێ پارێزرا بوو و هێزی تەقینەوەكە بە شێوەیەك بوو، جامی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەیرووت كە نۆ كیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەكە دوورە شكان.

لە دوورگەی قوبرس هەست پێ كراوە كە 160 كیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەكە دوورە.
بەگوێرەی یۆرۆنیوز، پسپۆڕانی لەرزەناسی دەڵێن شەپۆلی ئەو لەرزینەی بەهۆی تەقینەوەكە دروست بوو، لە دوورگەی قوبرس هەست پێ كراوە كە 160 كیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەكە دوورە.

پێویستە بگوترێ بەهۆی تەقینەوەی بەیرووت 135 كەس گیانیان لە دەست داوە و پێنج هەزار كەسیش بریندار بوون، دەیان كەسی تریش بێ سەروشوێنن.


وشە - سلێمان تاشان