زیانی تەقینەوەی بەیرووت دەگاتە 15 ملیار دۆلار

:: PM:02:05:06/08/2020 ‌
مەروان عەبوود پارێزگاری بەیرووت قەبارەی زیانەكان بەهۆی تەقینەوەی بەیرووتی بۆ سێ هێندە بەرز كردەوە. ئەو پێشتر زیانەكانی بە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار خەمڵاندبوو.

پارێزگاری بەیرووت لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت، 10 تا 15 ملیار دۆلار زیانی ئابووری بە بەیرووت گەیشتووە و 300 هەزار كەس لە دانیشتووانی بەیرووتیش بە هۆی ئەو تەقینەوەیە ئاوارە بوون.

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە، ئەنستیتیوتی ئەمەریكی بەرگری لە خەڵك سالاری گوتوویەتی، رووداوەكەی رۆژی سێشەم باری تەنگژەی ئابووری لبنانی زۆر قورستر كردووە و بەر لە رووداوەكە لبنان پێویستی بە 95 ملیار دۆلار هەبوو بۆ ئەوەی ئابوورییە شپرزەكەی رزگار بكات.

پێشتر پڕۆفیسۆر جاسم عەجاقە ئابووریناسی لبنانی باسی لە زیانەكانی تەقینەوەی بەیرووت كردووە و گوتوویەتی، 80%ی بەندەری بەیرووت بەهۆی تەقینەوەكە وێران بووە.
پێشبینی دەكرێ تەنگژەیەكی خۆراك لە شارەكە روو بدات

دەرهاویشتە سەرەتاییەكانی ئەم تەقینەوەیە بەگوتەی عەجاقە، بریتییە لەو زیانانەی بەر سایلۆ و كۆگای خۆراكی شارەكە كەوتووە، بۆیەش پێشبینی دەكرێ تەنگژەیەكی خۆراك لە شارەكە روو بدات و خەڵك بە ئاسانی خۆراكیان دەست نەكەوێت.

حكوومەتی لبنان دەستی بەوە كردووە لەو پارە یەدەگەی هەیەتی بڕێك تەرخان بكات بۆ كڕینی خۆراك و پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتییان.

بەهۆی تەقینەوەكە 135 كەس گیانیان لە دەست داوە و پێنج هەزار كەسیش بریندار بوون. دەگوترێ دوو هەزار و 700 تۆن مادەی نیتراتی ئامونیۆم تەقیوەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان